رووداو دیجیتاڵ
لەسەر رێگەی سەرەکیی چەمچەماڵ-سلێمانی، رووداوێکی هاتووچۆ روویدا و 9 ئۆتۆمبێل پێکیان دادا. بەڕێوەبەری هاتووچۆی چەمچەماڵ دەڵێت: "دوو کەس بریندارن."
ئەمڕۆ 5ـی تشرینی یەکەمی 2025، عەمید عومەر عەلی، بەڕێوەبەری پۆلیسی هاتووچۆی چەمچەماڵ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "دەوروبەری کاژێر 9:00ی بەیانی لەڕێگەی نێوان چەمچەماڵ-تەکیە رووەو سلێمانی، رووداوێکی هاتووچۆ روویدا. هۆکارەکە ئۆتۆمبێلێک بووە کە ویستوویەتی لە شەقامی سەرەکی بپەڕێتەوە."
بەگوتەی بەڕێوەبەری پۆلیسی هاتووچۆی چەمچەماڵ، بەهۆی پەڕینەوەی ئەو ئۆتۆمبێلەوە، سەرەتا سێ ئۆتۆمبێل پێکیان داداوە؛ پاشان بەهۆی دروستبوونی قەرەباڵخییەوە 6 ئۆتۆمبێلی دیکەیش خۆیان بە سێیەکەی دیکە داداوە.
لە رووداوەکەدا ئۆتۆمبێلێک لەسەر دووسایدەکە لایداوە و کەوتووەتە خوارەوە. هاوکات دوو ئۆتۆمبێلی گەورەشیان تێدایە یەکیان پاسە و ئەوەی دیکەش بارهەڵگرێکە.
سەبارەت بە زیانە گیانی و ماددییەکانی رووداوەکە، عەمید عومەر عەلی گوتی، "لە رووداوەکەدا دوو کەس بەسووکی بریندار بوون و رەوانەی نەخۆشخانە کراون."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ