پۆلیسی سلێمانی: لەم هەفتەیە دوو گەنج خۆیان کوشتووە

05-11-2020
ئالان نازم
نیشانەکردن سلێمانی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی بە رووداوی راگەیاند، لەماوەی ئەم هەفتەیەدا دوو گەنج لە سلێمانی خۆیان کوشتووە. 
 
نەقیب سەرکەوت ئەحمەد، گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، کاژێر 9:30 خولەکی شەوی رابردوو گەنجێکی تەمەن 30 ساڵ لە نهۆمی 13ی باڵەخانەیەکی شاری سلێمانییەوە خۆی فڕێداوەتە خوارەوە و دەستبەجێ گیانی لەدەستداوە.
 
بە گوتەی پۆلسی سلێمانی، گەنجەکە کاری بەڵێندەرایەتی کردووە، شوقەیەکی هەبووە لە شاری دایک لە نهۆمی 13، لە کامێراکانی چاودێرییەوە دەرکەوتووە کە بە تەنیا چووەتە نێو شوقەکەی، دوای ئەوەی بۆ ماوەیەک هەواڵی نەزانراوە، خێزانەکەی پەیوەندییان بە پۆلیسەوە کردووە و دەرکەوتووە کە لە شوقەکەی خۆیەوە خۆی هەڵداوەتە خوارەوە و کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.
 
بە گوتەی هاوژینەکەی "گەنجەکە کێشەی لەگەڵ هیچ کەس نەبووە، بەڵام رەنگە بەهۆی کارەکەیەوە ئەو رووداوەی بەسەر خۆیدا هێنابێت."
 
گەنجەکە لەدایکبووی ساڵی 1990ە، خێزاندارە و خاوەنی دوو منداڵە.
 
رۆژی یەکشەممە گەنجێکی تەمەن 18 ساڵ لە گەڕەکی چیای شاری سلێمانی بە کڵاشینکۆف کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا، نەقیب سەرکەوت ئەحمەد ، گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی دەڵێ، "ئەو گەنجەی سەرەتای ئەم هەفتەیە خۆی کوشتووە خوێندکاری پۆلی 12ی ئامادەیی بووە، هۆکاری خۆکوشتنەکەشی کێشەی خێزانی بووە."

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە