رووداو دیجیتاڵ
لە پێنج ملیۆن دۆنم زەویی دێمی لە هەرێمی کوردستان، ئەمساڵ پلان هەیە سێ ملیۆن دۆنمی بە گەنم و جۆ بچێندرێت. راوێژکارێکی وەزارەتی کشتوکاڵیش دەڵێت، زیاتر لە 50 هەزار جووتیار ساڵانە گەنم و جۆ دەچێنن. دەشڵێت، سەرقاڵی پلانێکن بۆ وەرگرتنی تەواوی گەنمی جووتیاران لەکاتی پێگەیشتندا.
رۆژی یەکشەممە 05-11-2023 رزگار حەمەد خدر، راوێژکار لە وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لە هەرێمی کوردستان پێنج ملیۆن دۆنم زەویی دێم هەیە کە شیاون بۆ چاندنی گەنم و جۆ؛ دوو ملیۆن دۆنم زەویی بەراویش هەیە و ساڵانە بۆ چاندن بەکاردەهێندرێن."
رزگار حەمەد خدر لەبارەی پلانی چاندنی گەنم بۆ ئەمساڵ گوتی، ساڵانە نزیکەی سێ ملیۆن دۆنم زەوی بە گەنم و جۆ، بەتایبەت بە گەنم، لە هەرێمی کوردستان دەچێندرێت و ئەمساڵیش پلان وایە ئەو سێ ملیۆن دۆنمە بە گەنم بچێندرێت.
راوێژکارەکەی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەش کرد، بۆ چاندن و تۆوکردنی گەنم و جۆ لە بەشێکی هەرێمی کوردستان، جووتیاران دەستیان بە کێڵانی زەوییەکان کردووە.
رزگار حەمەد خدر ئاشکرای کرد، رووپێوییەکیان بۆ زانینی زەویی چێندراوی ئەمساڵ بەگوێرەی شار و قەزا و ناحیەکان دەستیپێکردووە و 15ی مانگی داهاتوو تەواو دەبێت.
لە بەرهەمی وەرزی دروێنەی رابردووی جووتیاران، تەنیا 500 هەزار تۆن گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەرگیرا، بۆ ئەمساڵ پلان دادەنرێت هەموو گەنمی جووتیاران وەربگیرێت. رزگار حەمەد خدر دەڵێت، "فۆڕمێکمان ئامادە کردووە و هەموو جووتیاران پڕی دەکەنەوە، دواتر کۆی زانیارییەکان دەدرێتە عێراق، کە رووبەری زەوی و رێژەی چێندراو و پێشبینیی بەرهەمی تێدایە."
راوێژکارەکەی وەزارەتی کشتوکاڵ ئاماژەی بەوەش کرد، پڕکردنەوەی فۆڕمەکە بۆ ئەوەیە لەکاتی پێگەیشتنی گەنمدا هەموو گەنمی هەرێمی کوردستان وەربگیرێت و گوتی، "نامانەوێت ئەمساڵیش عێراق بڵێت داتاکانتان ناڕاستن و رووبەری زەویتان زۆرە؛ دەمانەوێت بەرهەمی جووتیارانی راستەقینە هەموو ساخبێتەوە."
زۆرترین زەویی بە گەنم چێندراو ساڵانە لە پارێزێگای سلێمانیدایە. رزگار حەمەد خدر دەڵێت، ساڵی رابردوو نزیکەی ملیۆنێک و 100 هەزار دۆنم زەوی بە گەنم چێندراو لە سنووری پارێزگای سلێمانیدا بووە، بە پارێزگای هەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و راپەڕینیشەوە، لە پارێزگای دهۆک و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆش 775 هەزار دۆنم زەوی بە گەنم چێندرابوو؛ لە پارێزگای هەولێر و ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانیش 665 هەزار دۆنم زەوی بە گەنم چێندرابوون.
رزگار حەمەد خدر گوتی، ساڵانە 50 بۆ 53 هەزار جووتیار لە هەرێمی کوردستان سەرقاڵی چاندنی دانەوێڵەن لە زەوییەکانیاندا.
ئەمساڵ حکومەتی عێراق هەر تۆنێک گەنمی بە 850 هەزار دینار بێ رەچاوکردنی جۆرەکەی لە جووتیاران کڕی، بەڵام تەنیا 500 هەزار تۆن گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستانی وەرگرت، کە 230 هەزار تۆن گەنمی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە؛ 145 هەزار تۆنی پارێزگای هەولێر و 125 هەزار تۆن گەنمی پارێزگای دهۆک بوو، ئەوەی مایەوە جووتیاران بە نرخی کەمتر لە بازاڕدا ساخیان کردەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ