لەسەر سنووری بانە بە گوللـەی هێزەکانی پاسەوانی سنووری ئێران، کۆڵبەرێک کوژرا

05-12-2023
سینا سۆما
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

لە پارێزگای سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان، کۆڵبەرێک لە سنووری هەنگەژاڵی بانە بە تەقەی هێزەکانی پاسەوانی سنووریی ئێران کوژرا.

بەپێی زانیارییە خۆجێییەکان، رۆژی دووشەممە، 4ـی تشرینی دووەمی 2023، هێزەکانی پاسەوانیی سنووریی ئێران لە سنووری بانە تەقەیان لە ژمارەیەک کۆڵبەر کردووە و بە هۆیەوە کۆڵبەرێک بە ناوی ئەهوەن دەشتی، تەمەن 28 ساڵان و خەڵکی گوندی میرەدێی سەر بە شاری بانە کوژراوە.
 
بەپێی رێکخستنەکانی مافی مرۆڤی رۆژهەڵاتی کوردستان، لە ماوەی نۆ مانگی ئەم ساڵدا تەنیا لە سنووری بانە 17 کۆڵبەر کوژراون.
 
بەپێی راپۆرتی کۆڵبەرنیوز، لە 70 رۆژی رابردوودا 9 کۆڵبەر لە ناوچە سنوورییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان کوژراون و 145 کۆڵبەری دیکەش بریندار بوون.
 
بەشی زۆری ئەو کەسانە لە ناوچە سنوورییەکانی هەنگەژاڵی بانە لە پارێزگای سنە و سنووری نەوسوود لە پارێزگای کرماشان تەقەیان لێکراوە.
 
حکومەتی ئێران لە ماوەی رابردوودا سێ دەروازەی کۆڵبەریی لە پارێزگاکانی سنە و کرماشاندا کردووەتەوە و بەگوتەی بەرپرسان، هەوڵدەدەن دەروازەی کۆڵبەریی دیکەش بکەنەوە، بەڵام لەم دەروازانەوە مۆڵەت دەدرێت تەنیا هەندێ کەلوپەلی رێپێدراو هاوردە بکرێت.
 
کۆڵبەرەکان لەپێناو بڕە پارەیەکدا کاڵا و کەلوپەل لە ناوچە سنوورییەکانەوە ئاودیوی رۆژهەڵاتی کوردستان دەکەن. وەزارەتی ناوخۆی ئێران پێشتر هۆشداری داوە کە نابێت هیچ کەسێک سنوور ببەزێنێت.
 
تەقەکردن لە کۆڵبەران و کوشتنیان لەسەر سنوورەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە کاتێکدایە کە قاسم رەزایی، جێگری فەرماندەی پۆلیسی ئێران، رۆژی 22-10-2023، لە سەردانێکدا بۆ شاری پاوە لە پارێزگای کرماشان رایگەیاند، "کۆڵبەری کارێکی نایاساییە و لە ئەگەری هەر هاتووچۆیەکی نایاسایی لە سنوورەکان، هێزەکانی پاسەوانیی سنووری ئێران رووبەرووی دەبنەوە."

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی

جێگری پارێزگاری سلێمانی: هاوئاهەنگییەکەی تۆڕی میدیایی رووداو کارەکانی باشتر کرد

جێگری پارێزگاری سلێمانی ستایشی رۆڵی تۆڕی میدیایی رووداو دەکات لە بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی سنووری چەمچەماڵ و دەڵێ، ئەو هاوئاهەنگییەی رووداو دروستی کرد، کارەکانی گەورەتر و باشتر کرد؛ ئاماژە بەوەش دەکات، قەرەبووەکە ماڵ، کاسبکار، ئۆتۆمبێل و فەرمانگە حکومییەکانیش دەگرێتەوە.