رووداو دیجیتاڵ
بڕیار بوو ئەمشەو شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەشداریکردن لە کۆنفرانسی ئەنجوومەنی بیزنسی عێراق- بەریتانیا بچنە ئیمارات، بەڵام بەهۆی باڵندەیەکەوە نەیانتوانی گەشتەکە بکەن.
بڕیار بوو ئەم ئێوارەیە شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە پێکهاتبوون لە کەمال موسلیم، وەزیری بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان، محەممەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر سەردانی ئیمارات بکەن بۆ بەشداربوون لە کۆنفرانسی ئەنجوومەنی بیزنسی عێراق- بەریتانیا لە دوبەی، بەڵام باڵندەیەک ناچاری کردن گەشتەکە هەڵبووەشێننەوە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، فڕۆکەکە لە هێڵی فلای دوبەی بووە و پێش فڕین بە ئەندامانی شاندەکەیان گوتووە کێشەیەکی تەکنیکییان هەیە و کەمێک دوادەکەون، بەڵام دواجار گوتوویانە ئەمڕۆ ناتوانن گەشتەکە بکەن و کەوتووەتە سبەی.
رووداوەکە کاژێر 19:45ـی ئەمشەو بووە و باڵندەیەک لە جۆری کوندەپەپوو بەر بەشێکی هەستیاری فڕۆکەکە کەوتووە و بووەتە هۆی وەستانی گەشتەکە. بڕیارە هەمان شاند ئێوارەی سبەی چوارشەممە گەشتەکەیان بۆ ئیمارات بکەن.
رۆژانی 7 و 8ی ئەم مانگە کۆنفرانسی ئەنجوومەنی بیزنسی عێراق- بەریتانیا لە دوبەی بەڕێوەدەچێت و تێیدا شاندی عێراق، ئیمارات و چەند وڵاتێکی دیکە بەشدار دەبن و باس لە هاوئاهەنگییەکان لە بواری ئابووری، دارایی و پەروەردە دەکەن.
عەبدوڵڵا ئەحمەد، بریکاری وەزیری ئابووری و بازرگانیی دەرەوەی ئیمارات بە گرنگییەوە باس لە کۆنفرانسەکە دەکات و دەڵێت، هاوئاهەنگی لەگەڵ عێراق یارمەتیدەرە بۆ ئەوەی ئەو وڵاتە پێشبکەوێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ