رووداو دیجیتاڵ
لە چەند گەڕەکێکی هەولێر بۆنێکی ناخۆش بڵاوبووەتەوە، بەرپرسێکی باڵا دەڵێت، لەسەرهێڵن بۆ نەهێشتنی بۆنەکە. بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی هەولێریش دەڵێت، "هۆکاری بۆنەکە پاڵاوگە نایاساییەکانە".
ئەمڕۆ شەممە 06-01-2024، چەند هاونیشتمانییەک لە هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداویان گوت، لە سەنتەری شارەکە بۆنێکی ناخۆش بڵاوبووتەوە و بووەتە هۆی بێزاربوونیان.
بەرپرسێکی باڵا لە هەولێر ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لایەنە پەیوەندیدارەکان راسپێردراون بۆ زانینی هۆکاری بۆنەکە و چارەسەرکردنی.
یەکێک لەو لایەنانەی بۆ بەدواداچوونی هۆکاری بۆنەکە راسپێردراوە فەرمانگە ژینگەی هەولێرە، ئەمڕۆ شەممە دڵشاد هیرانی، بەڕێوەبەری فەرمانگەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "هۆکاری ئەو بۆنە ناخۆشە، پاڵاوگە نایاساییەکانن؛ لەم هەفتەیەدا لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکە کۆدەبینەوە بۆ چارەسەرکردنی دۆخەکە".
بەڕێوەبەری ژینگەی هەولێر ئاماژەی بەوەشکرد، کاریگەری بۆنەکە زیاتر لەسەر گەڕەکەکانی شارەوانی، 32ـی پارک، ئازادی و فەرمانبەران بووە.
بەگوێرەی لیستێکی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان، ساڵی 2015 لە سنووری هەولێر 116 پاڵاوگەی نایاسایی هەبووە. بە گوتەی بەرپرسانی پارێزگاکە ئەو پاڵاوگانە دوای رێکارەکان زۆرینەیان داخران.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ