رووداو دیجیتاڵ
رۆژی هەینی، 5-1-2024، فڕۆکەی سی-130ـی سوپای فەرەنسا بە هاوکاریی سوپای ئوردن لە ئاسمانی غەززەوە 7 تۆن پێداویستییان بەردایەوە نێو غەززە.
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا لە ئێکس بڵاویکردەوە، "لە دۆخێکی سەختدا، فەرەنسا و ئوردن لە ئاسمانەوە هاوکارییان بۆ دانیشتووانی غەززە نارد."
بەگوێرەی سەرۆکایەتیی فەرەنسا، بەردانەوەی 7 تۆن هاوکاری بە پەرەشووت کارێکی قورس و ئاڵۆز بووە، بەڵام بەهۆی پەیوەندیی نزیک لەگەڵ ئوردن کارەکە بە سەرکەوتوویی کۆتاییهات.
هەروەک سەرۆکایەتیی فەرەنسا بڵاویکردووەتەوە، هاوکارییەکان زیاتر پزیشکین.
رۆژی هەینی 5ـی کانوونی دووەمی 2024، تەندروستیی غەززە لە راپۆرتێکدا بڵاویکردەوە، "تائێستا لانیکەم گیانلەدەستدانی 22 هەزار و 660 کەسمان لە شەڕەکەدا تۆمار کردووە و هەروەها 57 هەزار و 910 کەس بەهۆی هێرشەکانەوە بریندار بوون".
تەندروستی غەززە ئاماژەی بەوە کردووە، تەنیا لە 24 کاژێری رابردوودا 162 کەس لە غەززە بەهۆی بۆردوومانەکانی ئیسرائیلەوە کوژراون.
نزیکەی سێ مانگە جەنگی گرووپە چەکدارەکانی کەرتی غەززە و ئیسرائیل بەردەوامە. جەنگەکەش دوای ئەوە دەستیپێکرد، کە رۆژی 7ـی تشرینی یەکەم، حەماس ئۆپەراسیۆنی "تۆفانی ئەقسا"ـی دژی ئیسرائیل راگەیاند، ئیسرائیلیش لە بەرامبەردا ئۆپەراسیۆنی "شمشێری ئاسنینی"ـی راگەیاند، بەڵام دواتر بەرەی شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل فراوانتر بوو و گرووپی جیهادی ئیسلامیش لە کەرتی غەززە چووە نێو شەڕەکە. تاوەکو ئێستاش هەوڵە نێودەوڵەتییەکان نەبوونەتە هۆی وەستاندنی جەنگەکە.
رۆژی 24-11-2023، ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و گرووپە چەکدارەکانی کەرتی غەززە بە نێوەندگیریی قەتەر و میسر بۆ چوار رۆژ راگەیێندرا؛ دواتر دووجار درێژکرایەوە؛ جاری یەکەم 48 کاژێر و جاری دووەمیش 24 کاژێر.
لە ماوەی ئاگربەستە حەوت رۆژییەکەی نێوان ئیسرائیل و حەماسدا 105 بارمتەی ئیسرائیلی و بیانی ئازادکران و لە بەرامبەریشدا 240 زیندانیی فەلەستینی ئازادکران. بەرپرسانی ئیسرائیل دەڵێن، حەماس هێشتا 137 بارمتەی دیکەی لایە.
سوپای ئیسرائیل دەڵێت، "لە سەرەتای دەسپێکردنی شەڕەکەوە نزیکەی حەوت هەزار چەکداری حەماسیان کوشتووە."
بەگوێرەی سوپای ئیسرائیلیش، تاوەکو ئێستا حەماس هەزار و 200 کەسی لە ئیسرائیل کوشتووە.
نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، زیاتر لە ٪85ـی دانیشتووانی غەززە (1.9 ملیۆن کەس) ئاوارە بوون و ٪60ـی باڵەخانەکان خاپوور کراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ