25 تیمی بەرگریی شارستانی سەرقاڵی کوژاندنەوەی ئاگرەکەی هەولێرن

دوێنێ کاژێر 07:04
سۆران حوسێن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

دوای چوار کاژێر لە کەوتنەوەی ئاگرەکەی هەولێر، تاوەکو ئێستا بە تەواوی کۆنترۆڵ نەکراوە، گوتەبێژی بەرگریی شارستانی دەڵێت، "هیچ مەرجێکی سەلامەتی لە کارگەکەدا نەبووە".
 
ئاگرەکە لە کارگەیەکی چپس لە سنووری کۆمەڵگەی پیرزین کەوتووەتەوە. موقەدەم شاخەوان سەعید، گوتەبێژی بەرگریی شارستانی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "25 تیمی بەرگریی شارستانی سەرقاڵی کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکەن و زۆرینەیان کوژاندووەتەوە، بەڵام هێشتا ئاگر ماوە".
 
شایەتحاڵێک بە رووداوی گوت: "دەنگێک هات و راستەوخۆ ئاگر بەرزبووەوە، کرێکارەکان سەلامەتن و هەموویان هاتنە دەرەوە، تاوەکو ئێستا کەسیش نازانێت هۆکاری ئاگرەکە چی بووە".
 
موقەدەم شاخەوان سەعید دەڵێت: "کاژیر 05:48 ئاگادارکراینەوە لە ئاگرەکە، تیمەکانمان لێرەن، هیچ مەرجێکی سەلامەتی لێرە نییە و شەش مانگ پێش ئێستا نووسراومان کردووە کە لێپێچینەوە لەگەڵ خاوەن کارگەکەدا بکرێت تاوەکو پابەند دەبێ، ئەوەی ئەنجامەکەیە کە ئێستا ئاگری گرتووە".
 
گوتەبێژی بەرگریی شارستانی گوتیشی: "زیانی گیانی نەبووە، کەرەستەکان رۆن و کارتۆن بوون و باڵەخانەکەش ساندویچ پەناڵە و زوو ئاگر دەگرێ، ئەوەش هۆکاری گەورەیی ئاگرەکەیە".
 
موقەدەم شاخەوان ئاماژەی بەوەشکرد، "ئێستا (کاژێر 09:20ـی بەیانی) ئاگرەکە زۆرینەی کوژێندراوەتەوە و سەرقاڵی ساردکردنەوەی کەرەستەکانیان".
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە