رووداو دیجیتاڵ
ساڵی 2025 تەنیا حەوت بەشەخۆراکی مانگانە دابەشکرا و بڕیاربوو بەشی هەشتەم دابەش بکرێت، بەڵام داواکارییەکی حکومەتی عێراق دابەشكردنەکەی دواخستووە. بەرپرسێکی دابەشکردنی خۆراک دەڵێت، "کێشەکە گەورە نییە تاوەکو چارەسەر نەکرێت."
کامەران فەتاح، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی بازرگانی و کەلوپەلی خۆراک لە سلێمانی، رۆژی سێشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بەشەخۆراکی سێ مانگ لە کۆگەکانی هەرێمی کوردستان هەیە، بەڵام فەرمانی دابەشکردن لە بەغداوە نەدراوە بۆ هەشتەم بەشی پار."
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، حکومەتی عێراق داوای پارەی ساڵانی 2003 تاوەکو 2022ـی لە هەرێمی کوردستان دەکات و دەڵێت، "دەبێ بۆ یەک کەس 250 دینار بۆ ئەو ساڵانە بنێردرێت کە لەو ساڵانەدا نەنێردراوە، بۆ ئەوەش لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان لە گفتوگۆدان."
کامەران فەتاح گوتی، "بڕی پارەکە زۆر نییە و کێشەکەش هێندە گەورە نییە، هۆکاری دواکەوتنی چارەسەر پشووەکانی سەری ساڵ بووە و پێشبینی دەکرێ لە ماوەیەکی نزیکدا دابەشکردنی هەشتەم بەشەخۆراک دەستپێبکات."
ئێستا هەر کەسێک بەشەخۆراکی مانگانە وەردەگرێت، 750 دیناری لێوەردەگیرێت، لەو بڕە 352 دیناری بۆ حکومەتی عێراقە و ئەوی دیکەی بۆ رسوومات و بریکارەکانە. بەڕێوەبەری بازرگانی و کەلوپەلی خۆراک لە سلێمانی گوتی، "عێراق داوای کردووە لەمەودوا هەر کەسێک بڕی هەزار دیناری لێوەربگیرێت."
هەروەها دلێر عەبدولواحید، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی بازرگانی و کەلوپەلی خۆراک لە هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بەشی هەشتەمی خۆراک ئامادەیە و چاوەڕێی فەرمانی دابەشکردنین."
لە ساڵی 2024دا 10 بەشەخۆراک دابەشکرا، ساڵی پار تاوەکو ئەمڕۆ حەوت بەشەخۆراک دابەشکراوە و بڕیارە هەشتەم لەم مانگەدا دابەش بکرێت.
پێش گۆڕینی فۆرمی خۆراک بۆ ئەلیکترۆنی، لە 5 ملیۆن و 386 هەزار و 51 هاونیشتمانی لە هەرێمی کوردستان بەشەخۆراکی مانگانەیان وەردەگرت، بەڵام بەگوێرەی دوایین ئاماری وەزارەتی بازرگانی، 294 هەزار و 432 هاونیشتمانی بەهۆی تۆمارنەکردنیان لە سیستمی ئەلیکترۆنی بەشەخۆراکیان بڕدراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ