رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان، ئاماری ساڵی 2025ی سزادراوانی لە چاکسازییەکانی گەوران، ژنان و منداڵان لە هەرسێ پارێزگای هەولێر، سلێمانی و دهۆک خستەڕوو و رایگەیاند، لەو ساڵەدا 8566 سزادراو براونەتە چاکسازییەکان. ئاماژەی بەوەش کردووە، نزیکەی 10 هەزار ژوان بۆ حوکمدراوان رێکخراوە.
ئیحسان عەبدولڕەحمان بابان، بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ سێشەممە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە شاری هەولێر رایگەیاند، "لە ساڵی 2025دا، 7 هەزار و 152 سزادراو دوای تەواوکردنی ماوەی یاسایی حوکمەکەیان ئازادکراون و گەڕاونەتەوە ناو کەسوکاریان."
بەپێی ئامارەکان، هەر لەو ساڵەدا 1260 سزادراو بە مەرج (ئازادکردنی مەرجدار) ئازادکراون، هەروەها 57 سزادراو بە لێبوردنی تایبەت ئازاد کراون. هاوکات 306 مۆڵەتی چوونەوە ماڵەوە (ئیجازەی مەنزڵی) دراوە و بە گشتی 9 هەزار و 950 سزادراویش خزمەتگوزاریی ژوانگەی خێزانییان بۆ دابینکراوە.
بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکان ئاماژەی بە چالاکییە جۆراوجۆرەکان کرد و گوتی، "400 خولی راهێنان و سیمینار بۆ کارمەندان و سزادراوان ئەنجامدراون، لەگەڵ پێشکەشکردنی 168 گوتاری ئایینی لەنێو چاکسازییەکاند."
سەبارەت بە چارەسەری ئالودەبووانی مادەی هۆشبەر، ئیحسان عەبدولڕەحمان گوتی، "236 چالاکیی جۆراوجۆر ئەنجامدراون و 406 سزادراو لە سەنتەرەکانی شیاندنەوە سوودمەندبوون لە چارەسەرە تەندروستییەکان."
لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژەی بەوە کراوە، 628 سزادراو لە قوتابخانەکانی ناو چاکسازییەکان بەردەوامن لە خوێندن، هەروەها 73 هەزار و 69 جار سزادراوان سەردانی کتێبخانەکانی نێو چاکسازییان کردووە.
لە هەرێمی کوردستان شەش چاکسازیی هەن بۆ ئەوانەی سزای زیندانیی دەدرێن، دوو لە هەولێر، دوو لە سلێمانی و دووانەکەی دیکەش لە دهۆکە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ