رووداو دیجیتاڵ
نزیکەی مانگێک دوای لافاوەکەی چەمچەماڵ، هێشتا چیرۆکە خەمناکەکانی بەردەوامن، سەرەڕای ئەوەی بەشێکی خەڵک ماڵیان چوو و هیچیان بۆ دەرنەچوو، بەڵام هەندێک لەوانە سەر و ماڵیان چووە و ئیدی ژیانیان بە یەکجاری گۆڕاوە، چونکە سەرچاوە و بژێوییان لەدەستداوە، خەمێكی قووڵیش سەردڵی گرتوون کە نەبوونی سۆزی گەرمی دایک و بەجێهێشتنی چوار منداڵە.
رووداو لە ماوەی یەک مانگی رابردوودا چەندین چیرۆک و دەردەسەریی خەڵكی گێڕایەوە، بەڵام رەنگە چیرۆکی ئەمجارە لە هەموویان کاریگەرتر بێت، چونکە باوکێک و 4 منداڵەکەی سەرگەردان بوون، هەژاری و نەداری تینی بۆ هێناون و دایکیشیان هەفتەیەک دوای لافاوەکەی چەمچەماڵ گیانی لەدەستدا.
قاسم نازم بە کرێکاری و مووچەی وانەبێژیی گرێبەستی هاوژینەکەی، بژێویی خێزانەکەی دابین دەکرد، رۆژی 09-12-2025 لە لافاوەکەی چەمچەماڵ مامۆستا کوردستانی هاوژینی لەترسی ئاو و گیانی کۆرپەکانی تووشی شۆک بوو، هەفتەیەک دوای لافاوەکە لە 16-12-2025 هەر بەو ترس و شۆکەوە گیانی لەدەستدا. گیانلەدەستدانی مامۆستا کوردستان بۆ ماڵباتەکەی زەبرێکی دیکەی دوای لافاو بوو، چونکە ئیدی چوار منداڵ دەبێت بێ سۆزی دایکیان بژین، بچووکەکەیان تەمەنی مانگێکە، واتە کاتی لافاوەکەی چەمچەماڵ تەنیا چەند رۆژێک بوو لەدایکببوو.
ئەرکێکی قورس لەسەر شانی منداڵێکی 7 ساڵان
دوای گیان لەدەستدانی مامۆستا کوردستان، ئەرکە قورسەکە بۆ خەندەی کچە گەورەکەی ماڵ و باوکی ماوەتەوە، خەندە تەمەنی تەنیا 7 ساڵە و جێگەی باوکی بۆ منداڵە بچووکەکە گرتووەتەوە، زۆربەی ئیش و کاری ماڵەوە دەکات، برا بچووکەکەشی بەخێودەکات، شیری بۆ دروست دەکات و جلیشی دەگۆڕێت، خەندە قاسم قسەی بۆ رووداو کرد و گوتی، "دۆخمان باش نییە، پێویستمان بە هەموو شتێکە، هەرچییەک هەبێت دەیخۆین.''
خەندە دەشڵێت، "دایکایەتی بۆ برا بچووکەکەم دەکەم.'' ئەو ئاماژەی بەوەش کرد، "ناتوانین چێشتیش لێ بنێین، شیر و پێویستییەکانی برا بچووکەکەشم بە قەرز دەیهێنین.''
خەندە و خوشکەکەی لەگەڵ چوونی هەر کەسێک بۆ ماڵەکەی وێنەکانی دایکیشیان دەردێنن و سەیری دەکەن، هێشتا لە بیری دایکیانن و وێنەکانی ماچ دەکەن.
خەندە بە هەڵدانەوەی وێنەی دایکە کۆچکردووەکەی بارێکی گرانی خوشک و برا بچووکەکەشی لەسەر شانە، ئەوان کرێچین و لەنێو ماڵەکەیان جگە لە چەند کەلوپەلێک نەبێت، هیچیان نییە و چاوەڕوانی کەسێکن دەرگایەکی خێریان بەڕوودا بکاتەوە.
خوشکە بچووکەکەی خەندە نەک تەنیا لەبیری دایکیەتی و وێنەکانی ماچ دەکات، بەڵکو وەکو قاسم نازمی باوکی دەڵێت، "دوعاش بۆ دایکی دەکات و دەڵێت، بەڵکو خوایە موعجیزەیەکمان بۆ بنێریت.''
قاسمی باوکی چوار منداڵەکە بە حەسرەتەوە دۆخی نێو ماڵەکەی باس دەکات و دەڵێت، "دوو شەوە نەخەوتووم، جار جارە یونس، کوڕە بچووکەکەم زەردەخەنەیەک دەکات، بەڵام کە دەبینێت دایکی لەوێ نییە، ئیدی هەناسەم بۆ نادرێ و زۆر خەفەت دەخۆم.''
قاسم پێشتر کرێکار بوو، بەڵام ئێستا دڵی نایەت کۆرپە یەک مانگییەکەی لە ماڵەوە بەجێبهێڵێت، ناچارە رۆژانە جلی منداڵەکانی بشوات و ئاگاداری منداڵەکانی بێت، لەولاشەوە قەرز بەرۆکی گرتووە و نازانێت چۆن بیداتەوە، ئێستا بە یارمەتیی دراوسێکانیان بەڕێوەدەچێت، چاویان لەوەیە خێرخواز ژیانیان لە کولەمەرگی و زەحمەتی رزگار بکەن.
ماڵباتەکەی قاسم کە دوو کوڕ و دوو کچی تێدایە، هێندە دۆخیان خراپە، منداڵەکانی رۆژانە ناچارن بە شیر و چپس رۆژەکە بەڕێبکەن، ئەوان یەکێکن لە سەتان خێزانی زیانبەرکەتوو بەهۆی لافاوەوە، کە هێشتا دابەشکردنی قەرەبوو بەردەوامە، بەڵام ئەو قەرەبووەش نەیتوانیوە ژیانی ماڵباتێکی وەکو ئەوەی قاسم رزگار بکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ