کارگەیەکی چپس لە هەولێر سووتا و بەرگریی شارستانی دەڵێت مەرجی سەلامەتی نەبووە

دوێنێ کاژێر 10:26
پەیام سەربەست
پەیام سەربەست @paya_m_
ئاگری کارگەکەی پیرزین لە هەولێر
ئاگری کارگەکەی پیرزین لە هەولێر
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بەرەبەیانی سێشەممە ئاگرێکی گەورە لە کارگەیەکی چپس لە کۆمەڵگەی پیرزین کەوتەوە و دوای چوار کاژێر کارگەکە بووە خۆڵەمێش. بەرگریی شارستانی دەڵێت، کارگەکە هیچ مەرجێکی سەلامەتیی نەبووە و لە ساڵی رابردووەوە بڕیاری داخستنی هەبووە.
 
کاژێر 05:55ـی بەرەبەیان دووکەڵی رەشی سووتانی کارگەیەک ئاسمانی هەولێری داپۆشی. کارگەکە دەکەوێتە نێو جەرگەی ماڵانەوە و نزیکەی 200 کەس کاری تێدا دەکەن.
 
مەحموود عەبدولسەلام، کارمەندی کارگەکەیە و دەڵێت: "نزیکەی 150 خێزان بژێوییان لەسەر ئەم کارگەیە بوو؛ داوامان لە حکومەت هەیە چونکە رزقی هەموویان لەدوای خودا لەسەر ئێرە بوو."
 
ئینتیها رەسووڵ، دایکی یەکێک لە کارمەندەکان بە نیگەرانییەوە گوتی: "کچێک و کوڕێکم لێرە کاردەکەن، کە گەیشتنە ئێرە گوتیان ئاگرەکە دروست بووە. 200 کرێکار لێرە کاریان دەکرد کە هەموویان لەبەر هەژاری لێرە بوون. کوڕەکەی من پێنج منداڵی هەیە و هیچی نییە."
 
تیمەکانی بەرگریی شارستانیی هەولێر بە 25 تیمی ئاگرکوژێنەوە توانییان ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکەن و رێگری لە تەشەنەکردنی بکەن، بەڵام کارگەکە بەتەواوی سووتا.
 
موقەدەم شاخەوان سەعید، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر رایگەیاند: "هیچ مەرجێکی سەلامەتی لێرە نییە، چەند جارێک نووسراومان لەسەری کردووە بۆ ئەوەی ئیجرائاتی لەگەڵ بکرێت. باڵەخانەکەش هەمووی لە سەندویچ پانێڵ دروستکراوە کە زوو ئاگر دەگرێت."
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، لە مانگی حوزەیرانی 2024ـەوە بڕیاری فەرمی بۆ داخستنی ئەو کارگەیە هەبووە و ئاراستەی پۆلیسی پیرزین کراوە، بەڵام کارگەکە بەردەوام بووە لە کارکردن.
 
نەبەز جەلال، خاوەنی کارگەکە لەبارەی زیانەکانەوە بە رووداوی گوت: "زیانەکان بە نزیکەیی 3 ملیۆن دۆلار دەبێت. بەتەمابووین بیگوازینەوە و بەرنامەمان دانابوو، بەڵام قسمەت نەبوو. هۆکاری ئاگرەکە لە کاتی دەستپێکی کارکردن لە رۆنەکەوە سەرچاوەی گرتووە."
 
خاوەنی کارگەکە دانی بەوەدانا رێنمایی بەرگریی شارستانییان پێدرابوو لە 6 مانگدا جێبەجێی بکەن، بەڵام لەبەر ئەوەی بەتەمای گواستنەوە بوون، دوایان خستووە.
 
جگە لە زیانی ماددی و ژینگەیی، ئاگرەکە کاریگەریی لەسەر پرۆسەی خوێندنیش هەبوو؛ بەهۆی نزیکیی سێ قوتابخانە و باخچەیەکی ساوایان لە شوێنی رووداوەکە، دەوامی خوێندکاران راگیرا.
 
بەپێی بەدواداچوونەکانی رووداو، تەنیا لە بەحرکە نزیکەی 40 کارگەی دیکە هەن کە لە نێو ماڵاندا کار دەکەن و مەرجی سەلامەتییان نییە، ماوەیەکی زۆرە داوای گواستنەوەیان دەکرێت.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە