هۆکاری بڕانی ناوبەناوی کارەبای پڕۆژەی رووناکی چییە؟

دوێنێ کاژێر 03:36
سۆران حوسێن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
پچڕانی ناو بەناوی کارەبای 24 کاژێری لە ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستانە بەردەوامە، سەرپەرشتیارانی پڕۆژەی رووناکیش دەڵێن، سەرقاڵی چارەسەرکردنی گرفتەکەن.
 
چەند هاوبەشێکی نێو پڕۆژەی رووناکی لە گەڕەکە جیاکانی هەرێمی کوردستانەوە بە رووداویان راگەیاندووە، جار جار کارەبای رووناکی دەبڕێت و دەگاتە کاژێرێک و نایەتەوە، لە کاتێکدا موەلیدەکانیش کار ناکەن. بەشێکی دیکەی ناڕەزایی هاوبەشانی کارەبا 24 کاژێرییەکە ئەوەیە، پسوولەی کارەبایان بۆ ناچێتەوە و پارەکەیان لەسەر کەڵەکە دەبێت.
 
تیمی پڕۆژەی رووناکی رۆژی سێشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداویان گوت: "بابەتی بڕانی کارەبا هۆکاری دابەشکردن و کێشەی کۆنی ژێرخانی کارەبایە، کە زیاتر لە 30 ساڵە کارەبا 24 کاژێر نەبووە و ئێستا کە کراوەتە 24 کاژێری، ئەوەش چارەسەریی هەیە و تیمەکانمان بەردەوامن لە چاکسازی لە ژێرخانی کارەبادا".
 
تیمی پڕۆژەی رووناکی دەڵێت: "جیا لە چاکسازی لە ژێرخانی کارەبا، بەردەوام کار دەکرێت بۆ زیاترکردنی بەرهەمهێنانی کارەبا، بۆیە دڵنیایی دەدەینە هاوبەشان چارەسەر دەکرێت و ئەوە ماوە کەمەی بڕان روودەدات لە زستانی داهاتوودا نامێنێت".
 
بەشێکی هاونیشتمانییان گلەیی ئەوە دەکەن، کە پسوولەی پارەی کارەبایان بۆ ناچێتەوە، یان درەنگ بۆیان دەچێت، لەو بارەیەوە تیمەکە بە رووداوی گوت: "فەرمانبەرەکان کەمن و هۆکاری سەرەکیی دواکەتنی چوونی پسوولەی پارەی کارەبا ئەوەیە، بۆ ئەوەش پڕۆژەی جێگرەوە کاری لەسەر دەکرێت".
 
لەبارەی پڕۆژە جێگرەکەوەشەوە تیمەکە دەڵێت: "کار دەکرێت بۆ پارەدانی ئەلیکترۆنی، ئەوکاتە هاوبەشان هەر لە ماڵی خۆیانەوە دەتوانن پارە بدەن، تەنانەت دەتوانن 15 رۆژ جارێک یان مانگێک جارێ بە گوێرەی خەرجییەکەیان لە ماڵەوە پارە بدەن، ئەو پڕۆژەیە کاری لەسەر دەکرێت و کاتی زیاتری پێویستە، لەگەڵ کەوتنە کاردا هاوبەشان لە وردەکارییەکەی ئاگادار دەکەینەوە".
 
لە چوارچێوەی پڕۆژەی رووناکی دا سەنتەری پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە، هەروەها چەند شارێکی دیکە لەوانە سۆران و رانیە کارەبایان کراوەتە 24 کاژێری و بڕیارە تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ پڕۆژەکە تەواوی هەرێمی کوردستان بگرێتەوە.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە