نوێنەرێکی مامۆستایانی شارەزوور: ئەندامە دەستگیرکراوەکانمان ئازاد کران

06-02-2024
سۆران حوسێن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
ئەندامێکی ئەنجوومەنی مامۆستایانی ناڕازی قەزای شارەزوور دەڵێت، شەش ئەندامی ئەنجوومەنەکەیان دوای راگیرانیان لە ئاسایشی قەزاکە بۆ ماوەی چەند کاژێرێک، ئازاد کراون.
 
بڕیارە سبەی خۆپیشاندانی مامۆستایانی ناڕای لە شارەزوور بەڕێوەبچێت. رێکەوت بەرزنجی، ئەندامی ئەنجوومەنی مامۆستایانی ناڕازی لە شارەزوور ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، مامۆستاکان لەلایەن ئاسایشەوە بانگکراون و داوایان لێکراوە سبەی خۆپێشاندان نەکەن، ئەوانیش رەتیانکردووەتەوە.
 
فەلاح فەرەج، یەکێکە لەو مامۆستایانەی لە ئاسایش راگیراوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، سەرقاڵی کۆکردنەوەی پشتیوانی هاونیشتمانیان بوون لە بازاڕدا بۆ خۆپێشاندانی سبەی، بەڵام ئاسایش بانگی کردوون و لە کاژێر 03:00ـی دوای نیوەڕۆ تاوەکو 06:30 رایانگرتوون.
 
فەلاح فەرەج کە ئەندامی ئەنجوومەنی مامۆستایانی ناڕازی قەزای شارەزوورە گوتیشی، "هیچ گوشارێک رامانناگرێت و بەدڵنیایی سبەی خۆپێشاندان بەڕێوەدەبەین".
 
لە قەزای شارەزوور کە سەر بە پارێزگای سلێمانییە، 68 قوتابخانە هەن، 55 بنەڕەتی و 13ـی ئامادەیی. بە گوتەی رێکەوت بەرزنجی، تاوەکو ئەمڕۆ "زیاتر لە 90%ـی قوتابخانەکان دەوامیان تێدا ناکرێت".
 
لە 13ـی ئەیلوولی پارەوە خوێندن لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکردووە، بەڵام لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و راپەڕین و قەزای کۆیە بەشێکی قوتابخانەکان بەهۆی بایکۆتی مامۆستایانەوە دەوامیان تێدا ناکرێت.
 
مامۆستایان هەفتانە رۆژێک لە بەردەم پەروەردەی سنوورەکانیان خۆپێشاندانی ناڕەزایی بەڕێوەدەبەن. رێکەوت بەرزنجی گوتی، "تاوەکو ئەمڕۆ ئاسایش بە رێزەوە مامەڵەیان لەگەڵ کردووین".
 
داواکاریی مامۆستایانی دامەزراو و وانەبێژان بۆ دەستپێکردنەوەی خوێندن لە تەواوی قوتابخانەکان چەند خاڵێکن، سەرەکیترینیان پلە بەرزکردنەوەی مامۆستایانی دامەزراو و دامەزراندنی وانەبێژانە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی کەنەکە

کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان: دەبێت زمانی کوردی لە دەستووری سووریادا جێگیر بکرێت

لیژنەی زمان، کولتوور و پەروەردەی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (KNK) بە بۆنەی رۆژی جیهانیی زمانی دایک کە هاوکاتە لەگەڵ 21ـی شوبات، راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا دەڵێ، پاراستنی زمانی کوردی بە هەموو زاراوەکانییەوە تەنیا پرسێکی ئەکادیمی نییە، بەڵکو پرسێکی نیشتمانی و مان و نەمانە