رووداو دیجیتاڵ
شاندێکی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆنگرێسی ئەمریکا کۆبووەوە و باسیان لە چاکسازییەکانی نێو وەزارەتی پێشمەرگە و هەڕەشەکانی داعش لەسەر ناوچەکە کرد.
شاندەکەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە ئەمریکا بەردەوامە لە دیدارەکانی. ئەمڕۆ له كۆنگرێسی ئه‌مریكا له واشنتن له‌گه‌ڵ ئه‌ندامانی كۆنگرێس مایكڵ رۆجه‌رز، سه‌رۆكی لیژنه‌ی سه‌ربازی؛ ئاده‌م سمیس، ئەندامی باڵای پارتی دیموکرات لە لیژنه‌ی سه‌ربازی؛ مایکڵ واڵتز، ئه‌ندامی لیژنه‌ی سەربازی و کاروباری دەرەوە و هاوسەرۆکی گرووپی کوردی ـ ئەمریکی لە کۆنگرێس و جیم بێرد، له لیژنه‌ی کاروباری ده‌ره‌وه‌ی كۆنگرێس چه‌ند دیدارێكیان جیایان ئەنجامدا.
بەگوێرەی راگەیێندراوی رۆژی سێشەممەی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، لە دیدارەکاندا په‌یوه‌ندییه‌كانی ئه‌مریكا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمی كوردستان، دوایین پێشهاته‌كانی ناوچه‌كه تاوتوێ کراون و بیروڕایان لەبارەوە ئاڵوگۆڕ كراوە.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "له دیداره‌كاندا شاندی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان سوپاس و پێزانینان بۆ پشتگیریی كۆنگرێسی ئه‌مریكا له عێراق و هه‌رێمی كوردستان دووپاتكرده‌وه و داوایان كرد له یارمه‌تیدان و پشتگیری‌یان بۆ هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌وام بن".
چاکسازیی نێو وەزارەتی پێشمەرگە و مەترسییەکانی داعش لەسەر ناوچەکە لەو دیدارانەدا تاوتوێ کراون. لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "دوایین هه‌نگاوه‌كانی یه‌كخستنه‌وه‌ی پێشمه‌رگه و پرۆسه‌ی چاكسازییان له وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان تاوتوێكران و تیشك خرایە سه‌ر هه‌ڕه‌شه‌كانی تیرۆر و مه‌ترسییه‌كانی داعش له‌سه‌ر عێراق و ناوچه‌كه".
رۆژی دووشەممە شاندەکە لەگەڵ سێلست واڵنده‌ر، یاریده‌ده‌ری وه‌زیری به‌رگریی ئه‌مریكا بۆ كاروباری ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی كۆبووە‌وه.
لەبارەی ئەو کۆبوونەوەیەوە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، "له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا دوا هه‌نگاوه‌كانی پرۆسه‌ی چاكسازی له وه‌زاره‌تی كاروباری پێشمه‌رگه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و یه‌كخستنه‌وه‌ی پێشمه‌رگه، پێشهاته‌كانی دۆخی ئه‌منی له عێراق و هه‌رێمی كوردستان و پێویستیی هاوئاهەنگی به‌رده‌وامی ئه‌مریكا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمی كوردستان بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ئاڵنگارییه ئه‌منییه‌كان له چوارچێوه‌ی رێككه‌وتنی ستراتیژیی عێراق - ئه‌مریكادا خرانه به‌رباس و بیروڕایان له‌باره‌وه ئاڵوگۆڕ كرا".
شاندەکەی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان فه‌وزی هه‌ریری، سه‌رۆكی دیوانی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان سەرۆکایەتی دەکات و فه‌لاح مسته‌فا، یاریده‌ده‌ری سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان بۆ كاروباری سیاسه‌تی ده‌ره‌وه و نیاز ساڵح مسته‌فا، به‌رپرسی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه و دیپلۆماسی له سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستانی لەگەڵدان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ