لە سلێمانی رۆژنامەڤانێک بە رووداوی هاتووچۆ گیانی لەدەستدا

06-02-2025
سۆلین حەمەدەمین
سۆلین حەمەدەمین
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بەرەبەیانی ئەمڕۆ، لەسەر رێگەی سلێمانی-عەربەت دوو کەس بە رووداوی هاتووچۆ گیانی لەدەستدا، یەکێکیان رۆژنامەڤان بوو لە کەناڵی ئێن ئاڕتی.

رۆژی پێنجشەممە، 6ـی شوباتی 2025، مقەدەم زانا عەزیز، بەڕێوەبەری هاتووچۆی عەربەت بە رووداوی گوت، رووداوەکە نزیک کاژێر 5:00ـی بەرەبەیانیی ئەمڕۆ بووە، پیکاپێک لەسەر رێگەی عەربەت لەکارکەوتبوو، وریا لایداوە بۆ ئەوەی یارمەتی بدات، لەوکاتەدا بارهەڵگرێک خۆی پێیاندا کێشاوە و هەردووکیان گیانیان لەدەستداوە.
 
بارهەڵگرەکە تەماتەی پێبووە و بەگوتەی زانا عەزیز، خەڵکی ئێرانە و ئەویش بێهۆشە.
 
سازگار سەڵاح، پەیامنێری رووداو رایگەیاند، تەرمی وریا حەمەکەریم براوەتە پزیشکی دادی سلێمانی و هەر ئەمڕۆ لە هەڵەبجە بە خاک دەسپێردرێت.
 
وریا حەمەکەریم، پێشکێشکاری کەناڵی ئێن ئاڕ تی بوو لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە. ئەو رۆژنامەڤانە ژیانی هاوژینی پێکهێناوە و دوو منداڵی لەدوای خۆیدا بەجێهێشت.
 
ئەو رۆژنامەڤانە ماوەی زیاتر لە 12 ساڵ لە ئێن ئاڕ تی وەک پەیامنێر و دواتریش وەک پێشکێشکار کاری کردووە. 
 
وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکی هاوخەمیدا بەبۆنەی گیانلەدەستدانی رۆژنامەڤانەکە نووسیویەتی: "وریا حەمەکەریم، رۆژنامەنووسێکی ورد و پیشەگەر و پابەند بە بنەماکانی ئیتیکی کاری راگەیاندن بوو، لە ماوەی دوازدە ساڵ کارکردنی لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە و ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان و عێراق خەرمانێک بەرهەمی رۆژنامەوانیی ئامادە و بڵاوکردبوویەوە، بە لەدەستدانی کەلێنێکی گەورەی لە دوای خۆی جێهێشت."

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە