رووداو دیجیتاڵ
سەرۆك مەسعود بارزانی لە سەلاحەدین پێشوازی لە ڤیكتۆریا تەیلەر، جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا كرد، سەرۆک بارزانی نیگەرانی لەبارەی بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی دەربڕی و دەڵێت: نەهێشتنی کورسی کۆتای پێکهاتەکان هەوڵدانە بۆ بنكۆڵكردنی مافی پێكهاتەكان.
دیدارەکە ئەمڕۆ چوارشەممە، 6-3-2024 لە پیرمام بەڕێوەچوو.
لە دیدارەكەدا كە مارك سترۆ، كۆنسوڵی گشتیی ئەمریكا لە هەولێر ئامادەی بوو، باس لە سەردانەكەی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی کوردستان بۆ واشنتن كرا و بە "سەردانێكی جددی و سەركەوتوو وەسفكرا."
بارەگای بارزانی لەبارەی دیدارەکە دەڵێت، "باس لە بارودۆخی سیاسیی عێراق و پەیوەندییەكانی نێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی عێراقی فیدراڵ و گرفتەكانی بەردەم ئەو پەیوەندییانە كرا و جەخت لە پێویستیی پاراستنی سەقامگیریی عێراق و رۆڵی هێزەكانی هاوپەیمانان لە سەقامگیریی عێراق و ناوچەكە كرایەوە."
پرسی هەڵبژاردنەكانی هەرێمی کوردستان تەوەرێكی دیکەی ئەو دیدارە بوو. سەرۆکی هەرێمی کوردستان 10ـی حوزەیرانی ئەم ساڵی وەکو رۆژی هەڵبژاردن دیاریکردووە.
سەرۆك بارزانی پاڵپشتیی خۆی بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن دووپات كردەوە. "هەروەها نیگەرانیی خۆیشی لەبارەی بڕیاری دادگەی فیدراڵی عێراق لەمەڕ نەهێشتنی كۆتای پێكهاتەكان خستەڕوو و ئەو بڕیارەی بە هەوڵدان بۆ بنكۆڵكردنی مافی پێكهاتەكان و زیانگەیاندن بە پڕۆسەی دیموكراسی لەقەڵەم دا."
بارەگای بارزانی دەڵێت، پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئەمریكا تەوەرێکی دیکەی ئەو دیدارە بووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ