رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەڵێت، رۆژی دووشەممەی ئەم هەفتەیە تیروپشک بۆ ژمارەى پارت، هاوپەیمانێتییەکان و بەربژێرانى سەربەخۆ بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکرێت.
رۆژی شەممە، 6ی نیسانى 2024، عیماد جەمیل، سەرۆکى تیمى رۆژنامەڤانیى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "پێشتر بڕیار بوو رۆژی یەکشەممە، 7-4-2024 تیروپشک بۆ ژمارەى پارت، هاوپەیمانێتییەکان و بەربژێرانى سەربەخۆ بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان بکرێت، بەڵام کۆمیسیۆن پرۆسەکەی بۆ رۆژی دووشەممە، 8ی نیسان دواخست."
عیماد جەمیل گوتی، "تیروپشکەکە کاژێر 11:00ى پێشنیوەڕۆى رۆژی دووشەممە، 8ى نیسان لە بارەگاى کۆمیسیۆن لە بەغدا دەکرێت".
بەگوتەی سەرۆکى تیمى رۆژنامەڤانیى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانى عێراق، هۆکاری دواخستنەکە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە دەرفەتی زیاتر بدرێتە کۆمیسیۆن بۆ وردبینی زیاتر لە ناوی پارت، هاوپەیمانێتییەکان و بەربژێرانى سەربەخۆ.
کاژێر 12:00ی شەوی 31ی ئاداری 2024 وەرگرتنی لیستی بەربژێرەکانی هاوپەیمانی و پارتە سیاسییەکان و سەربەخۆکان لەلایەن کۆمیسیۆنەوە کۆتایی هات.
یەکى نیسانى 2024، جومانە غەلاى، گوتەبێژى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، دوو هاوپەیمانێتى و 10 پارت لیستى بەربژێرانیان رادەست کردووە؛ هەروەها 54 بەربژێرى سەربەخۆ ناوی خۆیان پێشکێش کردووە.
10ى حوزەیرانى 2024 دیاریکراوە بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان کە لەلایەن کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانەوە سەرپەرشتی دەکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ