سێنتکۆم: لە سێ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا 18 چەکداری داعشمان لە عێراق و سووریا کوشتووە

06-04-2024
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
سوپای ئەمریکا دەڵێت، لە سێ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا 94 ئۆپەراسیۆنیان لە باشووری کوردستان، رۆژئاوای کوردستان، عێراق و سووریا ئەنجامداوە و 18 چەکداری داعشیان کوشتووە و 63 چەکداری دیکەشیان دەستگیر کردووە. 
 
رۆژی شەممە، 6ـی نیسانی 2024، فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا – سێنتکۆم لە راگەیێندراوێکدا ئاماری سێ مانگی سەرەتای ئەمساڵی ئۆپەراسیۆنەکانی لە باشووری کوردستان، رۆژئاوای کوردستان، عێراق و سووریا بڵاوکردەوە. 
 
لەبارەی ئۆپەراسیۆنەکانی باشووری کوردستان و عێراقەوە سێنتکۆم دەڵێت، "66 ئۆپەراسیۆنی هاوبەشمان ئەنجام داوە و 11 چەکداری داعش کوژراون و 36 چەکداری دیکەش دەستگیرکراون".
 
سێنتکۆم لەبارەی ئۆپەراسیۆنەکانی رۆژئاوای کوردستان و سووریاش دەڵێت، "لە سووریا 28 ئۆپەراسیۆنی هاوبەشمان کردووە و 7 چەکداری داعش کوژراون و 27 چەکداری دیکەش دەستگیر کراون".
 
لە راگەیێندراوەکەی سێنتکۆمدا هاتووە، "بەردەوامیی گەڕان بۆ نزیکەی 2,500 چەکداری داعش بەگشتی لە سەرانسەری عێراق و سوریا هەوڵێکی گرنگە بۆ شکستی بەردەوامی داعش".
 
فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمریکا باس لە گرنگی گەڕاندنەوەی چەکدارانی داعش و ژن و منداڵیان لە رۆژئاوای کوردستانەوە بۆ وڵاتانی خۆیان دەکات و دەڵێت، "ئەو دەستپێشخەرییە نێودەوڵەتییەی ئێستا بۆ گەڕاندنەوەی ئەو 9 هەزار زیندانیکراوەی داعش لەنێو زیندانەکانی سووریا و دووبارە شیاندنەوەی ئەو زیاتر لە 45 هەزار کەسەی لە کەمپەکانی رۆژ و هۆلدا هەن، گرنگە".
 
کەمپەکانی هۆل و رۆژ دەکەونە رۆژئاوای کوردستان و ژن و منداڵی داعشی تێیاندا دەهێڵدرێنەوە. هەزاران چەکداری داعشیش لە چەند زیندانێکی رۆژئاوای کوردستان دەستبەسەرن. 
 
بەگوێرەی ئامارەکانی بەڕێوبەرایەتیی خۆسەر، نزیکەی دوو هەزار و 500 ژن و منداڵی وڵاتانی بیانی نێو داعش لە کەمپی رۆژن. کەمپی هۆلیش نزیکەی 50 هەزار کەسی تێدایە.
 
فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوە دەکات، "پابەندین بە شکستپێهێنانی هەمیشەیی داعش، ئەوەش لەبەر ئەو هەڕەشەیەی داعش لەسەر ئاستی هەرێمی و جیهانی دروستی دەکات".

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە