چیرۆکی تاڵی گەڕانی دەرچووانی زانکۆ بەدوای کاردا؛ 'بە پاککەرەوەیش وەریان نەگرتووم!'

06-05-2025
پێشەوا بەختیار
دەرچوویەکی زانکۆ لەکاتی گەڕان بەدوای هەلی کاردا. وێنە: رووداو
دەرچوویەکی زانکۆ لەکاتی گەڕان بەدوای هەلی کاردا. وێنە: رووداو
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دەرچووانی زانکۆکانی هەرێمی کوردستان، سەرەڕای بڕوانامە و زانینی زیاتر لە زمانێک، بەهۆی مەرجی قورس، مووچەی کەم و داوای ئەزموونەوە، رووبەڕووی بێکاری دەبنەوە؛ 'واستە'ش کێشەیەکی دیکەیە و رێژەی بێکاری 14.97%ـە.
 
رۆژیار زیاتر لە دوو ساڵە بەدوای کاردا دەگەڕێت، جێگە نەماوە بۆی نەچێت، بەڵام مەرجی قورسی خاوەنکار و مانگانەی کەم، بێ کار هێشتوویانەتەوە، ئەو دەرچووی بەشی بەبازاڕکردنی زانکۆی سلێمانییە و جگە لە کوردی، زمانەکانی عەرەبی و ئینگلیزییش دەزانێت.
 
رۆژیار وشیار، دەرچووی زانکۆ دەڵێت، "دەرفەتێکی باش نەهاتووەتە بەردەممان و کەس نەبووە دەستی گەنج بگرێت، ئەمەش وایکردووە بێکار بین."
 
محەممەد یاسین، دەرچووی زانکۆ ئاماژەی بەوە کرد، "دەبێت کەسێک بناسیت، ئینجا ئیش دەستدەکەوێت، 10 جار سیڤیم ناردووە، بە پاککەرەوەیش وەریان نەگرتووم."
 
بەشێک لە دەرچووانی بەشی ئەندازیاری، هەریەکەو جگە لە زمانی کوردی، دوو یان سێ زمانی دیکە دەزانن؛ دەگەڕێن بۆئەوەی هەرچۆنێک بێت کاریان دەستبکەوێت، چونکە ئامانجیانە لە بوارەکەی خۆیاندا بەرەوپێش بچن، بەڵام دەرفەتی کار کەمە لەبەردەستیاندا.
 
شایستە ئیدریس، دەرچووی زانکۆ گوتی، "زۆربەی ئەو ئیشانەی چووین، عەقارات بوون، جگە لە بڕوانامەی ئەندازیاری، داوای شارەزایی، ڤیدیۆ و باس و مامەڵەشیان دەوێت." دەرچوویەکی دیکەی زانکۆ بەناوی لانیا خەلیل باسی لەوە کرد، "داوای ئەزموونمان لێ دەکەن، ئێمە تازە تەواومان کردووە، ئەزموونمان لە کوێ بووە؟! ئەوە کێشەیە."
 
وەزارەی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی دوو ساڵە لە رێگەی کردنەوەی پێشانگەی هەلی کار، هەوڵ بۆ دۆزینەوەی کار بۆ گەنجان دەدات. بەپێی ئامارەکانیان، تەنیا لە ماوەی 5 مانگی ئەم ساڵدا لە رێگەی پۆرتاڵی هەلی کارەوە، زیاتر لە 1500 گەنجیان خستووەتە سەر کار.
 
ئاریان، گوتەبێژی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی دەڵێت، "600 هەلی کارمان هەیە لە سلێمانی، زیاتر لە 1000 سیڤیمان بۆ هاتووە."
 
میر عەبدولڕەحیم، بەڕێوەبەری بەشی راهێنان لە نەخۆشخانەی فارووق ئاماژە بەوە دەکات، "ئێمە کەسێکمان دەوێت توانای هەبێت و خۆمان فێری دەکەین."
 
بەگوێرەی دوایین روپێوی کە لە عێراق ئەنجامدراوە، رێژەی بێکاری لە ساڵی 2024 لە هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە 14.97%.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی

جێگری پارێزگاری سلێمانی: هاوئاهەنگییەکەی تۆڕی میدیایی رووداو کارەکانی باشتر کرد

جێگری پارێزگاری سلێمانی ستایشی رۆڵی تۆڕی میدیایی رووداو دەکات لە بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی سنووری چەمچەماڵ و دەڵێ، ئەو هاوئاهەنگییەی رووداو دروستی کرد، کارەکانی گەورەتر و باشتر کرد؛ ئاماژە بەوەش دەکات، قەرەبووەکە ماڵ، کاسبکار، ئۆتۆمبێل و فەرمانگە حکومییەکانیش دەگرێتەوە.