کوردستان
بەپێی تەندروستیی ئێران، ساڵانە 50 هەزار کەس لەو وڵاتە بەهۆی پیسبوونی هەوا گیان لەدەست دەدەن
رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی خۆڵبارین و پیسبوونی هەوا لە پارێزگاکانی کرماشان، سنە و لوڕستان کرایە پشوو و لە ئیلام سبەی بڕیار دەدرێت.
ئەمرۆ دووشەممە، 5ی ئایاری 2025، بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کۆنترۆڵی قەیرانی پارێزگای سنە رایگەیاند، "بەهۆی خۆڵبارین و پیسبوونی هەوا سبەی سێشەممە لە سەرجەم قوتابخانەکانی پارێزگاکە پشوو دەبێت".
بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کۆنترۆڵی قەیرانی پارێزگای کرماشانیش رایگەیاند، بە هۆی خۆڵبارین و پیسبوونی هەوا سبەی سێشەممە فەرمانگە حکومییەکان، قوتابخانە و زانکۆکان لەو پارێزگایە پشوو دەبن و تەنیا دامودەزگا حکومییەکانی تایبەت بە خزمەتگوزاریی گشتی کراوە دەبن.
لە پارێزگای لوڕستانیش پشوو راگەیێندرا. پەیوەندییە گشتییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی کۆنترۆڵی قەیرانی پارێزگای لوڕستان رایگەیاند، بەهۆی خۆڵبارین و پیسبوونی هەوا، بریاریان داوە قوتابخانە و زانکۆکان لەو پارێزگایە پشوو بن.
کۆنترۆڵی قەیرانی لوڕستان دەڵێت، بریارەکە فەرمانگە حکومییەکان و دامودەزگا خزمەتگوازییەکان و ناوەندە تەندروستییەکان ناگرێتەوە و بانکەکانیش کراوە دەبن.
بەڕێوەبەری گشتیی کۆنترۆڵی قەیرانی پارێزگای ئیلامیش رایگەیاند، سبەی دوای کۆبوونەوەی بەڕێوەرایەتییەکە، بریار دەدرێت لە بەر ئەوەی پێشبینی کراوە سبەی خۆڵبارینەکە کۆتایی دێت.
چەند رۆژێکە خۆڵبارین بەشێک لە پارێزگاکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستانی گرتووتەوە بە گوتەی کەشناسی ئێران خۆڵبارینەکە سبەی کۆتایی دێت.
بەپێی راپۆرتی وەزارەتی تەندروستیی ئێران، ساڵانە 50 هەزار کەس لەو وڵاتە بەهۆی کاریگەرییەکانی پیسبوونی هەواوە گیان لەدەست دەدەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ