رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسانی پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان رایانگەیاند، تەرزە و لافاوی چەند رۆژی رابڕدوو لە شارەکانی پیرانشار و بارووق، زیانی بە زیاتر لە شەش هەزار و 500 هێکتار لە زەوییە کشتوکاڵییەکانی ناوچەکە گەیاندووە.
ئەمڕۆ سێشەممە، شەشی ئایاری 2025، عومەر عەلیپوور، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی پیرانشار رایگەیاند، بەهۆی تەرزە و لافاوەوە، سێ هەزار و 586 هێکتار لە زەوییە کشتوکاڵییەکان، رەز و باخی هاووڵاتیان لەو ناوچەیە بە نزیکەی 100٪ زیانیان بەرکەوتووە و خاوەنی ئەم زەویی و باخانە ئەم ساڵ هیچ بەرهەمێکیان نابێت.
عەلیپوور گوتی، دوو هەزار و 270 هێکتار لەو زەوییانە، زەویی کشتوکاڵین و هەزار و 316 هێکتاریش باخە.
بە گوتەی بەڕێوەبەری کشتوکاڵی پیرانشار، زیاترین زیان بە باخەکان کەوتووە، بە جۆرێک لە هەندێک باخدا دارەکان بە تەواوی لەنێوچوون.
عومەر عەلیپوور دەڵێت، جگە لە زیانی باخ و زەوییە کشتوکاڵییەکان، هەزار و 500 مەتر کەناڵی گواستنەوەی ئاو و سێ هەزار و 400 مەتر بۆری گواستنەوەی ئاو و پێنج کیلۆمەتر رێگەی نێوان کێلگەکانیش زیانیان بەرکەوتووە و پێویستیان بە چاککردنەوە هەیە.
لە ناوچەی بارووق لە باشووری پارێزگای ورمێش، تەرزە و لافاو زیانێکی زۆری هەبووە.
مەریەم مەسێڕەت، قایمقامی بارووق رایگەیاندوە، بەهۆی لافاو و تەرزەوە زیان بە زیاتر لە سێ هەزار و 200 هێکتار لە باخ و زەوییە کشتوکاڵییەکانی ناوچەکە گەیشتووە.
بە گوتەی قایمقامی بارووق، دوو هەزار و 100 هێکتار لەو زەوییانەی زیانیان بەرکەوتووە، گەنمیان لێ چێندراوە و هەزار و 100 هێکتاری دیکەش رەز و باخە.
مەریەم مەسێڕەت گوتی، تەرزە و لافاو نزیکەی نیوەی بەرهەمی گەنمی ئەو زەوییانەی لەناوبردووە و بەپێی خەمڵاندنە سەرەتاییەکان، زیاتر لە هەزار و 80 تۆن گەنم لەناوچووە.
قایمقامی بارووق دەڵێت، تەرزە زیانی بە 350 هێکتار باخی سێو، 600 هێکتار باخی ترێ، 70 هێکتار باخی خۆخ، 50 هێکتار باخی هەڵووژە، 20 هێکتار باخی گوێز و 20 هێکتار باخی بادەم گەیاندووە
چەند رۆژێکە شەپۆلێکی باران و بارینی تەرزە زۆربەی ناوچەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانی گرتووەتەوە و بەهۆی درووستبوونی لافاو و بارینی تەرزە لە چەندین ناوچە زیانێکی زۆر بە باخ و زەوییە کشتوکاڵییەکان گەیشتووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ