رووداو دیجیتاڵ
بەرهەمی سەوزە و میوەی ئەم وەرزە کەوتە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستانەوە. بەرپرسێکی عەلوە دەڵێت، زۆرینەی ئەو بەرهەمە خۆماڵییانەی پێگەییون هاوردەکردنیان قەدەخە کراوە. بەڕێوەبەری کشتوکاڵی دهۆکێش دەڵێت، بەرهەمیان پێگەیوە و بەشێکی هەناردە دەکەن.
سەروەر عەلی، بەرپرسی سەندیکای عەلوەی سلێمانی ئەمڕۆ سێشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئێستا ترۆزی، هەڵوژە، خەیار، کولەکە، پاقلە، باینجان و فاسۆلیای خۆماڵی گەیشتوونەتە عەلوەکان".
بەرپرسی سەندیکای عەلوەی سلێمانی گوتی، جگە لە باینجان، هەموو بەرهەمەکانی دیکە لەبەرژەوەندیی جووتیاران هاوردەکردنیان قەدەخە کراوە.
هەر ئەمڕۆ رەجەب حاجی عەزیز، سەرۆکی ئەنجوومەنی عەلوەی هەولێر بە رووداوی گوت، جیا لە بەرهەمی خۆماڵیی هەرێمی کورستان، ئێستا شووتی پارێزگاکانی دیکەی عێراقیش پێگەییوە و دەهێندرێتە هەرێمی کوردستان.
ساڵانە و بەتایبەت لە هاویندا بەهۆی زۆریی بەرهەمی خۆماڵییەوە دەیان هەزار تۆنی دەنێردرێتە نێوەڕاست و خوارووی عێراق.
رەجەب حاجی عەزیز دەڵێت: "ئەو بەرهەمانەی ئێستا پێگەیون و لە عەلوەی هەولێر هەن کەمن و بۆ نێوخۆی هەرێمی کوردستانە و رەوانەی پارێزگاکانی دیکەی عێراق ناکرێت".
هەر ئەمڕۆ، ئەحمەد جەمیل، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "قۆخ، هەڵوژە و خەیار و چەند بەرهەمێکی دیکەی سنوورەکەمان پێگەییوە و پەتاتەش بەمنزیکانە پێدەگات".
بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی دهۆک ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوان ئەمساڵ هەناردەکردنیان بۆ نێوەڕاست و خوارووی عێراق نەوەستاوە و لە چوار مانگی رابردوودا نزیکەی پێنج هەزار تۆن بەرهەمیان هەناردە کردووە. تەنیا مانگی رابردوو 298 تۆنیان هەناردە کردووە.
ساڵانە لە وەرزی پێگەیشتنی بەرهەمی نێوخۆدا، وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە هەرێمی کوردستان هاورەدەکردنیان قەدەخە دەکات، ئەوەش بە ئامانجی ساخبوونەوەی بەرهەمی جووتیاران.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ