حکومەتی عێراق رەزامەندی لەسەر ناردنی مووچەی هەرێمی کوردستان نەدا

06-05-2025
هەڵکەوت عەزیز
هەڵکەوت عەزیز
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرچاوەیەک لە حکومەتی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و تەیف سامی، وەزیری دارایی رەزامەندییان لەسەر خەرجکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەرنەبڕیوە، بەڵام هەوڵەکان بەردەوامن بۆ ئەوەی زوو مووچە بنێردرێ و زووش دەست بە دابەشکردنی بکرێ.
 
بە گوتەی ئەو سەرچاوەیەی حکومەتی عێراق، دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران، کۆبوونەوەیەک لەنێوان محەممەد شیاع سوودانی، تەیف سامی و چەند وەزیرێکی دیکە بەرێوەچووە؛ تێیدا وەزیری دارایی عێراق رایگەیاندووە، هەرێمی کوردستان بە رێککەوتنەکانەوە پابەند نییە، بەتایبەتی رادەستکردنی داهاتی ناوخۆ بەو جۆرەی عێراق داوای کردووە.
 
رووداو زانیویەتی، وەزیرە کوردەکان لە حکومەتی عێراق لە هەوڵدان تاوەکو کێشەکە زوو چارەسەر بکرێ بۆ ئەوەی بە خێرایی مووچەی مانگی نیسانی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان خەرج بکرێ.
 
ئەمڕۆ سێشەممە شەشی ئایاری 2025، تیمێکی تەکنیکی لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، عێراق کێشەی نەبوونی نەختینەی هەیە، بەڵام ئەمە کێشە بۆ هەرێمی کوردستان دروست ناکات، چونکە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق بەشی دوو مانگ مووچەی هەرێمی کوردستان پارەی کاشی تێدایە و ناردنی مووچە تەنیا فەرمانێکی دەوێت، نەوەک ناردنی پارەی نەختینە لە بەغداوە بۆ هەولێر.
 
تیمە تەکنیکییەکە بە (رۆژی هیوا جەمال)ـی راگەیاند، سێ ئەرکی سەرەکی کە لە ئەستۆیان بووە و جێبەجێیان کردوون. ئەوانیش بریتی بوون لە:
 
1. ناردنی تەرازووی پێداچوونەوە (میزان المراجعة) لە 20ـی نیسان.
2. ناردنی داهاتی نێوخۆ لە 22ـی نیسان.
3. ناردنی لیستی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە 22ـی نیسان.
 
بە گوێرەی تیمی تەکنیکیی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان، نزیکەی دوو هەفتەیە سەرجەم داواکارییەکانی بەغدا جێبەجێ کراون، بەڵام وەزارەتی دارایی عێراق "هەر جارە و پاساوێک دەهێنێتەوە" بۆ دواخستنی ناردنی شایستە داراییەکان. 
 
یەکێک لەو پاساوانەی بەغدا باسی کردووە، پرسی نەبوونی نەختینەی پێویستە، بەتایبەت دوای راکێشانی نزیکەی سێ ترلیۆن و 500 ملیار دینار لە سپاردەکانی باج بۆ تەواوکردنی مووچەی فەرمانبەرانی فیدراڵی.
 
تیمی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان ئەم پاساوە بە بنەمایەکی لاواز دەزانێت بۆ راگرتنی مووچەی هەرێمی کوردستان و روونی دەکاتەوە کە میکانیزمی ناردنی مووچە لە بنەڕەتدا پێویستی بە ناردنی پارەی کاش نییە. 
 
"پرۆسەکە بە واژۆکردنی نووسراوێک لەلایەن بەرپرسانی دارایی عێراقەوە دەست پێدەکات کە رێگە دەدات پارەکە بخرێتە سەر هەژماری بانکی هەرێمی کوردستان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق."
 
تیمەکە جەخت دەکاتەوە کە لقی هەولێری بانکی ناوەندی هەمیشە بڕی پێویست پارەی کاشی تێدایە کە بەشی مووچەی نزیکەی دوو مانگی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەکات.
 
قۆناخەکانی پرۆسەکە لە بەغدا و خاڵی وەستان:
 
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی لە تیمی تەکنیکی هەرێمی کوردستانەوە دەست (رۆژی هیوا جەمال) کەوتوون، لیستی مووچەی هەرێمی کوردستان دوای گەیشتنی بە بەغدا، ئەم قۆناخانەی بڕیوە:
 
1. فەرمانگەی بودجە: لیستەکە وردبینی بۆ کراوە و یاداشت ئاراستەی وەزیر و فەرمانگەی ژمێرکاری کراوە. ئەم قۆناخە کۆتایی هاتووە.
 
2. فەرمانگەی ژمێرکاری: لیستەکەیان بەدەست گەیشتووە و هیچ کێشەیەکیان لەگەڵی نەبووە.
 
هەر ئەمڕۆ رووداو لە بوولتەنی نیوڕۆژدا بڵاویکردەوە، بە ئەگەرێکی زۆر ناردنی مووچە دەکەوێتە هەفتەی داهاتوو. 
 
فازل نەبی، بریکاری پێشووتری وەزارەتی دارایی عێراق ئەمڕۆ لە گەشتی هەواڵی کاژێر12ـی تۆڕی میدیایی رووداو بە سەنگەر عەبدولڕەحمانی گوت، بەغدا مووچەی مانگی چواری فەرمانبەرانی خۆی لە مانگی چوار داوە و تەنانەت مووچەی خانەنشینی مانگی پێنجی دابەشکردووە. 
 
بەگوتەی فازل نەبی، وەزیری دارایی عێراق کێشەی لەگەڵ بابەتی رادەستکردنی داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان هەیە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

   دیناری عێراقی جۆری 25 هەزاری.

سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی: لیستی مووچەی مانگی 12 رادەستی بەغدا کرا

لیستی مووچەی مانگی کانوونی یەکەمی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان رادەستی وەزارەتی دارایی عێراق کرا.