رووداو دیجیتاڵ
سێیەمین پێشانگەی گەشتیاریی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە هەولێر رۆژی سێشەممە بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرایەوە.
پێشانگەکە هەموو کۆمپانیا، دامەزراوە، هۆتێل و چێشتخانەیەک کە سەروسەودایان لەگەڵ گەشتیاریدا هەیە، بۆ ماوەی سێ رۆژ لە دەوری یەکدی کۆدەکاتەوە. ئامانجێکی سەرەکیی پێشەنگەی ئەمجارە راکێشانی گەشتیاری بیانییە بۆ هەرێمی کوردستان.
ئەحمەد جاف، بەڕێوەبەری بەبازاڕکردنی کۆمپانیای گەشتیاری لە یەکەم رۆژی پێشانگەکەدا 15 سەردانیکاری بیانی سەردانیان کردووە و دەڵێت، "ئاسایش و ئارامی لە کوردستان هەیە و لەگەڵ ناوچەکانی دیکەی عێراق جیاوازە، لەبەر ئەوە گەشتیارێکی زۆر ئێستا روو لێرە دەکەن و لەگەڵ ساڵانی رابردوو جیاوازییەکی زۆری هەیە."
جگە لە کۆمپانیاکان، پرۆژە گەشتیارییەکانیش سیمای پێشانگەکەن، ماتۆڕی ئەی تی ڤی بۆ ماوەی یەک کاژێر بە کرێ دەيدەن بە گەشتیار بۆ ئەوەی لە سرووشتی بناری چیای سەفین سەرکێشی بکەن، ئەوەی کە سەردانیان دەکات 15%ی گەشتیارەکان لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ئاسیایین.
محەمەد سلێمان، خاوەنی پڕۆژەی گەشتیاری دەڵێت، "گەشتیار کە بزانن ئەم جۆرە شتانە هەیە، بەتایبەت ئەوانەی باشووری عێراق و دەرەوەی عێراقیش، من پێم وایە ئێمە لە کوردستان هیچ شتێکمان کەمتر نییە لە وڵاتانی دیکە، ئەم جۆرە یاریانەی تێدایە و خەڵکێکی زۆر روو لەوانە دەکەن. پێم وایە ئێمەش دەتوانین بگەینە ئەو ئاستەی ئەم جۆرە چالاکییانە پیشانی خەڵک بدەین کە لە کوردستان هەن، سرووشت و کەشوهەواکە هاوکارە بۆئەوەی ئەم جۆرە یاریانە لێرە بکەن."
جگە لە کۆمپانیاکان، ئەوەی لە پێشانگەکە گرنگیی پێدراوە، نوێنەرایەتیی گەشتوگوزاری پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانن، دیمەنی سرووشتی رەنگینی سلێمانی تاوەکو هەنگوین و شاڵ و شەپکی بادینان لەم پێشانگەیە نمایش کراوە.
گۆران قادر، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گەشتوگوزاری سلێمانی رایگەیاند، "ئەوەی مەبەست و خواستمانە، ئەوەی بیرمان لێکردووەتەوە و بەرنامەمان بۆ داڕشتووە بە ئەوانی بگەیێنین، بۆئەوەیە ببینە جێگەی راکێشانی سەرنجی ئەوان و وایانلێبکەین گرووپەکانیان بە زووترین کات روو لە هەرێمی کوردستان و پارێزگای سلێمانی بکات."
چیا ئەمین، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری زاخۆ گوتی، "پێش ئەوەی زاخۆ ببێتە ئیدارەی سەربەخۆ، رێژەی گەشتیار هیچ جارێک 150 هەزار تێپەڕ نەدەبوو، بەڵام بە خۆشحاڵیەوە دوایین ساڵ ساڵی 2024 رێژەی گەشتیار گەیشتە یەک ملیۆن گەشتیار."
لە پێشانگەکە لە 20 وڵاتی جیاواز زیاتر لە 150 کۆمپانیا و دامەزراوە و هۆتێل و چێشتخانە بەشدارن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ