رووداو دیجیتاڵ
کۆنسووڵی تورکیا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، شەو و رۆژ کاردەکەن بۆ ئەوەی ئاسانکاری بۆ پێدانی ڤیزە بۆ هاونیشتمانییانی هەرێمی کوردستان بکەن.
ئەرمان تۆپچو، کۆنسووڵی گشتیی تورکیا لە هەرێمی کوردستان لە (پێشانگەی گەشتیاری بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست) لە هەولێر بە رووداوی راگەیاند، دوای رێککەوتنیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان و عێراق، ڤیزەی خوار تەمەن 15 ساڵ و سەروو تەمەن 50 ساڵیان هەڵگرت. گوتیشی: "بۆ ئاسانکردنی جموجووڵی گەشتیاری لە هەرێمی کوردستانی عێراقەوە بۆ تورکیا، ئەوەی لەدەستمان بێت دەیکەین".
تۆپچو گوتی، لقەکانی کۆمپانیای تایبەت بە ڤیزەی تورکیا لە هەولێر، سلێمانی و دهۆک بە چڕی کار دەکەن بۆ ئەوەی مامەڵەی هاونیشتمانییان بە باشترین شێوە رایی بکەن و گوتی: "کارمەندانی کۆنسووڵخانەش، هاوڕێ و هاوپیشەکانیشمان بۆ جێبەجێکردنی مامەڵەکانی ڤیزە، شەو و رۆژ کاردەکەن. تاکە ئامانجی ئێمە ئەوەیە، ئەو خواستەی بۆ تورکیا هەیە، ئێمە وەک دەوڵەت ئاسانکاریی تێدا بکەین".
پێشانگەی گەشتیاری بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە بەشداریی زیاتر لە 200 کۆمپانیا لە 15 وڵاتی جیاوازەوە بەڕێوەدەچێت و رۆژی پێنجشەممە 8-5-2025 دوایین رۆژی دەبێت.
لە پێشانگەکەدا نوێنەرانی کۆمپانیا گەشتیارییەکان نمایشی بەرهەم و خزمەتگوزارییەکانیان دەکەن و زانیاری لەبارەی دوایین پاکێجەکانیان بە سەردانیکاران دەدەن.
شاندی ژووری بازرگانیی وان و چەند شاندێکی دیکەی باکووری کوردستان هاتوونەتە هەولێر و لە پێشانگەکەدا ستاندیان هەیە و هانی هاونیشتمانیان دەدەن بۆ ئەوەی گەشت بۆ شوێنە گەشتیارییەکانی باکووری کوردستان بکەن.
دەقی قسەکانی ئەرمان تۆپچو، کۆنسووڵی گشتیی تورکیا لە هەرێمی کوردستان:
"لەڕاستیدا ئێمە لە زووەوە بۆ ئاسانکردنی جموجووڵی گەشتیاری لە هەرێمی کوردستانی عێراقەوە بۆ تورکیا، ئەوەی لەدەستمان بێت دەیکەین. دوایین جار لە چوارچێوەی رێککەوتنمان لەگەڵ عێراق، ڤیزەمان بۆ تەمەنی خوار 15 و سەروو 50 ساڵ هەڵگرت. ئەمە جموجووڵی زۆری لە گەشتیارییدا دروستکرد. کۆمپانیای تایبەت بە ڤیزەی تورکیا لە هەولێر، سلێمانی و دهۆک زۆر بە چڕی کاردەکەن و زەوینەسازی بۆ رەخساندنی باشترین هەلومەرجی دەستەبەرکردنی ڤیزە دەکەن. کارمەندانی کۆنسووڵخانەش، هاوڕێ و هاوپیشەکانیشمان بۆ جێبەجێکردنی مامەڵەکانی ڤیزە، شەو و رۆژ کاردەکەن. تاکە ئامانجی ئێمە ئەوەیە، ئەو خواستەی بۆ تورکیا هەیە، ئێمە وەکو دەوڵەت ئاسانکاریی تێدا بکەین".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ