رووداو دیجیتاڵ
جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆنسوڵی فەرەنسا لە هەولێر کۆبووەوە و رایگەیاند، دڵخۆش نییە بەو دۆخەی ئێستای هەرێمی کوردستان و پێویست بوو پەیوەندییەکانی نێوان لایەنە سیاسییەکان بەهێزتر بووایە.
ئەمڕۆ سێشەممە، 06-06-2023، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئۆلیڤییە دیکۆتینی، کۆنسوڵی گشتیی فەرەنسا لە هەرێمی کوردستان کۆبووەوە. بەگوێرەی راگەیێندراوی نووسینگەی قوباد تاڵەبانی، باسیان لە "دوا پێشهات و گۆڕانکارییە سیاسییەکان و پەیوەندییەکانی هەرێم و بەغدا و پرسی پڕۆژەیاسای بودجەی عێراق" کردووە.
لەبارەی دۆخی هەرێمی کوردستان و پەیوەندیی نێوان لایەنە سیاسییەکان؛ جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "دڵخۆش نیم بەم دۆخەی ئێستای هەرێم و پێویست بوو پەیوەندییەکانی نێوان لایەنەکان باشتر بوایە، بەتایبەت ئەمڕۆ لە هەموو کات زیاتر کورد پێویستی بە یەکدەنگی و رێکخستنەوەی نێوماڵی خۆی هەیە، چونکە تەحەداکانی بەردەم کوردستان ئێستا گەورەتر و زەقترن."
قوباد تاڵەبانی باسی لەوەش کرد کە هێشتا کات لەبەردەستدا ماوە بۆ ئەوەی بە لەبەرچاوگرتنی مەترسییەکان، لایەنەکان بگەن بە رێککەوتن و یەکدەنگی بەشێوازێک کە لەگەڵ ئەم قۆناخەدا بگونجێت.
لەبارەی پێگەی کورد و پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پێیوایە کە ئەوەی لە بەغدا دەگوزەرێت، "رەنگدانەوەی دۆخی ناوخۆی هەرێمی کوردستانە، بۆیە پێویستە بەر لەهەر شتێک ناوماڵی خۆمان رێکبخەین، ئەوکات دەتوانین لە بەغدا بەهێزتر و یەکگرتووتر دەرکەوین و پێکەوە باشتر بەرگری لە ماف و شایستە دەستورییەکانمان بکەین." دەشڵێت، "بۆ ئەوەی بتوانین بەم یەکدەنگییە بگەین، دەبێت هەموو لایەکمان پێداچوونەوە بە هەڵوێستەکانماندا بکەینەوە."
وەکو لە راگەیێندراوی نووسینگەکەیدا هاتووە، قوباد تاڵەبانی سوپاسی کۆنسوڵی گشتیی فەرەنسای کردووە کە پسپۆڕیی تایبەت بە چاکسازیی ئابوورییان تەرخان کردووە بۆ نووسینگەی جێگری سەرۆکوەزیران تاوەکو هاوکار بێت لە جێبەجێکردنی پلانەکانی چاکسازی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ