باوکی منداڵێکی سۆران کە دڵی کونە و دەمارەکانی سووڕاون: خێرخوازێک بە پیاوەتی بۆم چارەسەر بکات

06-06-2023
دایک و باوکی منداڵەکە قسە بۆ پەیامنێری رووداو دەکەن
دایک و باوکی منداڵەکە قسە بۆ پەیامنێری رووداو دەکەن
A+ A-
 
رووداو - سۆران

بێگەرد کاروانی تەمەن یەک ساڵ و نیو، منداڵی خێزانێکی دانیشتووی سۆرانە، نەخۆشە و بەگوێرەی ئەو پشکنینانەی بۆی کراون، دەرکەوتووە کە ئەو منداڵە هەم دڵی کونە و هەمیش دەمارەکانی سووڕاون.
 
تیشک و سۆنەر بۆ بێگەردی تەمەن یەک ساڵ و نیو کراوە و دەریدەخەن کونی دڵی و سووڕانی دەمارەکانیشی دوو گرفتن کە بوونەتە هەڕەشە لەسەر سییەکانی و ئەگەر پێش گەیشتنی بە دوو ساڵ تەمەن، نەشتەرگەریی دەمارەکانی دڵی بۆ نەکەن، گیان لەدەستدەدات.
 
کاروان عەلی، باوکی منداڵە نەخۆشەکە دەڵێت، "لە سەنتەری دڵی هەولێر، لە سلێمانی پزیشک پێی گوتووین کە دڵی کونە و دەمارەکانیشی سووڕاون و لەسەر یەکن، گەشەیشی راوەستاوە. پزیشکان پێیان گوتووین کە بگاتە دوو ساڵی دەمرێت. کرێکارم و پێم خۆشە ئەگەر چارەسەرێک هەبێت، خێرخوازێک هەبێت بە پیاوەتی بێت یان هەرچۆنێک بێت منداڵەکەم بۆ چارەسەر بکەن، مەمنوون دەبین."
 
رۆژگار نادر، دایکی منداڵە نەخۆشەکە باسی لەوە کرد، "رۆژی دوو جار بۆ سێ جار تووشی لەهۆشچوون دەبێت، بێهۆش دەبێت و دەڵێین گەشکەیە، دەڵێن گەشکە نییە؛ نەفەسی دەوەستێت، جا نیو کاژێر بۆ کاژێرێک بەهۆش خۆی نایەتەوە."
 
کێشی ئەو منداڵە دوای یەک ساڵ و نیو تەنها شەش کیلۆگرامە، تەنگەنەفەسی و بوورانەوەی بەردەوامی هەیە و ئۆکسجینی بۆ بەکاردەهێنن؛ لە رۆژێکیشدا 11 جۆر دەرمانی پێدەدەن.
 
دکتۆر نەوزاد کەریم شێروانی، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی دڵ دەڵێت، "ئەم حاڵەتە، حاڵەتێکی دەگمەنە، هەم لای راستی دڵی ئەستوور و گەورە دەبێت، هەم گوشاری سەر سییەکانی بەرز دەبێتەوە؛ ئەگەر بێتو گوشاری سەر سییەکانی بگاتە ئاستی گوشاری جەستەی مرۆڤ، ئەو نەخۆشە پاشان چارەسەری نابێت، مەگەر نەشتەرگەریی دڵ و سییەکانی بەگشتی بگۆڕدرێت، بە دڵنیایی نەشتەرگەرییەکەی ئاسان نییە و گەورەیە، بەڵام ئەگەر لە نەشتەرگەری دەربچێت بە تەواوی چاکدەبێتەوە."
 
مانەوەی منداڵەکە بە چارەسەرنەکراوی تائێستا هۆکارەکەی نەبوونی و هەژاریی خێزانەکەیە، کە تێچووی ئەو نەشتەرگەرییەی پێویستە بۆی بکرێت، یەک دەفتەر دۆلارە (10 هەزار دۆلارە) و چاویان لە دەستی خێرخوازانە بۆ نەبینینی مەرگی منداڵەکەیان هاوکارییان بکەن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 دیمەنێکی سەنتەری شاری ئاکرێ. وێنە: بڵند تاهیر- رووداو

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ: پێویستمان بە 7000 پارچە زەوییە بۆ دابەشکردن

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ رایدەگەیێنێت، رێکارەکانی دابەشکردنی زەوی دەستیپێکردووە و لە قۆناخی یەکەمدا دوو هەزار و 500 پارچە زەوی ئامادەیە. دەشڵێت، بە بڕیارێکی وەزارەتی شارەوانی، دروستکردنی خانوو لە 22 گوند راگیراوە.