کوردستان
کۆبوونەوەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ شاندێکی ژاپۆنی کە لە یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ژاپۆن و باڵیۆزی ژاپۆن لە عێراق و بەڕێوەبەری ژمارەیەک کۆمپانیا پێکهاتبوون
رووداو دیجیتاڵ
شاندێکی ژاپۆنی کە لە چەند بەرپرسێکی حکومەتی ئەو وڵاتە و نوێنەری چەند کۆمپانیایەکی ئەو وڵاتە پێکهاتبوون، سەردانی هەرێمی کوردستانیان کرد و لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە و باسیان لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان تۆکیۆ و هەولێر کرد.
ئەمڕۆ سێشەممە، 6ـی حوزەیرانی 2023، شاندە ژاپۆنییەکە کە پێکهاتبوون لە کانسوکی ناگائۆکا، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ژاپۆن و فوتۆشی ماتسومۆتۆ، باڵیۆزی ژاپۆن لە عێراق و نوێنەری ژمارەیەک لە کۆمپانیا ژاپۆنییەکان لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە.
دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ شاندە ژاپۆنییەکە، مەسرور بارزانی لە تویتێكدا رایگەیاند، "ئەزموونی ناوازەی ژاپۆن شایەنی سوود لێ وەرگرتنە، بەتایبەت لە بواری وەبەرهێنان لە سامانی مرۆیی و پێگەیاندنی نەوەی نوێ لەسەر داهێنانکردن."
مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوەش کرد کە "شاندە ژاپۆنییەکە جەختیان لەوە کردەوە، دەرفەتێکی زۆر هەیە بۆ گەشەپێدانی وەبەرهێنانی ژاپۆنی لە هەرێمی کوردستان کە لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا لە رووی بیناسازی و ئاوەدانکردنەوەدا زۆر پێشکەوتووە".
مەسرور بارزانی باسی لەوەش کرد کە لە کۆبوونەوەکەدا، "بیروڕا لەبارەی دەرفەتەکانی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ژاپۆن لە بوارەکانی گواستنەوە و گەیاندن، کشتوکاڵ، خوێندن و پیشەسازی ئاڵوگۆڕ کراوە."
بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، 6ـی حوزەیرانی 2023، کانسوکی ناگائۆکا لە میانی بەشداریکردنی لە بەرنامەی نووڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند، "ئامانجی سەردانەکەم ئەوەیە کە ببینم هەرێمی کوردستان لە رووی ئابووری و بازرگانییەوە چەند بەرەوپێش چووە و دەمانەوێت دەرفەتی زیاتر بۆ کۆمپانیا ژاپۆنییەکان لە هەرێمی کوردستان بدۆزینەوە."
ناگائۆکا ئاماژەی بەوەش کرد، "ژاپۆن دەیەوێت وەبەرهێنان لە کەرتی پەروەردە بکات و لەسەر ئاستی خوێندنی باڵاش، دەرگەی زانکۆکانی ژاپۆن بە رووی خوێندکارانی هەرێمی کوردستاندا کراوەیە و ژاپۆن هیواخوازە کە خوێندکارانی هەرێمی کوردستان بتوانن لە زانکۆکانی ژاپۆن درێژە بە خوێندن بدەن".
ژاپۆن، بەگوتەی ناگائۆکا، هاوکاریی دارایی عیراقی کردووە و ئەو هاوکارییانەش لە کەرتی وزە، کەرتی ئابووری و کەرتی ئاو بەکارهێندراون و ئاماژەی بەوەش کرد کە پشکی هەرێمی کوردستان لەو هاوکارییانەی کە ژاپۆن پێشکەشی عێراقی دەکات، نزیکەی لە 17٪ بۆ 18٪ـیە.
ئەوە کە کاتێکدایە، لە 22ـی شوباتی 2023، فوتوشی ماتسوموتو، باڵیۆزی ژاپۆن لە عێراق لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو، رایگەیاند "کۆمپانیا ژاپۆنییەکان خواستییان هەیە لە عێراق و هەرێمی کوردستان کاربکەن و ژاپۆنییەکان بەدوای هاوبەشی متمانەپێکراودا دەگەڕێن لە هەرێمی کوردستان."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ