رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی نەهێشتنی مادە هۆشبەرەکان راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوە کردووە، سێ گرووپی بازرگانیکردن بە مادەی هۆشبەریان لە هەولێر دەستگیر کردووە و دانیان بە تاوانەکانیاندا ناوە.
لە راگەیێندراوێکدا بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی نەهێشتنی مادە هۆشبەرەکان دەڵێت، "تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی مادە ھۆشبەرەکان، دوای کۆکردنەوەی زانیاری و بەدواداچوونی بەردەوام و گرتنەبەری رێکارە یاساییەکان، لە رۆژانی 4 و 5ی ئەم مانگە، سێ گرووپی بازرگانیکردن بە مادە هۆشبەرەکانیان دەستگیر کردووە."
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، ئەو سێ گرووپە "پێکهاتوون لە 10 کەس" و یەکێک لەو گرووپانە "هەوڵیانداوە ئافرەت و کچی نەوجەوان بەکاربهێنن بۆ بڵاوکردنەوە و تووشکردنی کەسانی دیکە بەم مادە مەترسیدارە."
بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی مادە هۆشبەرەکان ئەوەشی خستووەتەڕوو، تەواوی دەستگیر کراوان پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ کراوەتەوە و دانیان بە تاوانەکانیان ناوە و رووبەڕووی یاسا کراونەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ