رووداو دیجیتاڵ
جارێکی دیکە هەڵبژاردنی شارەوانییەکان لە هەرێمی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا (رۆژئاوای کوردستان) دواخرا.
بڕیاربوو 11ی ئەم مانگە هەڵبژاردنی شارەوانییەکان لە هەرێمی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا بەڕێوەبچێت؛ بەڵام ئەمڕۆ پێنجشەممە، 06-06-2024، بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بە بڕیاری ژمارە پێنج هەڵبژاردنەکەی جارێکی دیکە بۆ مانگی هەشتی ئەم ساڵ دواخست.
بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دەڵێ، لە وەڵامدانەوەی داواکاریی پارت و هاوپەیمانێتییە بەشداربووەکانی پرۆسەی هەڵبژاردن و لە سۆنگەی پەرۆشییان بۆ بەڕێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردن بەشێوەیەکی دیموکراسییانە، کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکەی لە 11 ئەم مانگەوە بۆ مانگی هەشتی ئەم ساڵ دواخست.
رۆژی 28ی ئاداری 2024، کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر یەکەمین کۆبوونەوەی کرد و بڕیاری دا رۆژی 30ی ئایاری ئەم ساڵ هەڵبژاردنی شارەوانییەکان لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بەرێوەبچێت.
بەڵام رۆژی 11-5-2024، کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی رۆژئاوای کوردستان رایگەیاند، هەڵبژاردنی شارەوانییەکان دواخراوە و رۆژی 11-6-2024 بەڕێوەدەچێت.
بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر جەخت لەوە دەکاتەوە، هەندێک لە پارت و هاوپەیمانێتییەکان بە نووسراوی فەرمی داوای دواخستنی هەڵبژاردنیان کرد، ئەوەش بەهۆی کەمیی ماوەی بانگەشەی هەڵبژاردن کە دەبێ ماوەیەکی گونجاو بۆ هەموو بەربژێرەکان فەراهەم بکرێ. هەروەها کاتێکی گونجاویش هەبێ بێت بۆ پەیوەندیکردن بە رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان کە چاودێری پرۆسەی هەڵبژاردنی هەرێمی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا بکەن.
ئەو پارت و هاوپەیمانێتیانەی، کە داوای دواخستنی هەڵبژاردنیان کردبوو بریتین لە: ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات، هاوپەیمانی گەلان و ژنان لە پێناو ئازادی، لیستی لەگەڵ ئێمەبن بۆ خزمەتی باشتر، پارتی یەکێتی دیموکراتی کوردی لە سووریا.
بەپێی دابەشبوونی نوێی ئیداری، ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە حەوت کانتۆن، شەش شاری گەورە، 40 شار و 105 شارۆچکە پێکدێت.
لەبارەی هەڵبژاردنەکانی شارەوانییەکانی رۆژئاوای کوردستانیش، رۆژی پێنجشەممە، 30ـی ئایاری 2024، ڤێدانت پاتێڵ، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەڤانیدا بە دیار کوردە، بەرپرسی نووسینگەی رووداوی لە واشنتن راگەیاند: "هەر هەڵبژاردنێک کە لە سووریا دەکرێت، دەبێت هەڵبژاردنێکی ئازاد، دادپەروەرانە، شەفاف و گشتگیر بێت، هەروەک لە بڕگەی 2254ـی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان داوا کراوە. ئێمە پێمان وانییە کە ئێستا ئەو مەرجانە بۆ هەڵبژاردنێکی لەوجۆرە لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریادا هەبێت، هەروەها ئێمە ئەو پەیامەمان بە کۆمەڵێک کەسایەتی لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا گەیاندووە".
لەدوای دامەزراندنی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر، یەکەمجار دەبێ ئەگەر هەڵبژاردنی شارەوانییەکان بکرێ.
پێشتر بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر رایگەیاند، زیاتر لە 3 ملیۆن کەس مافی دەنگدانیان هەیە. بەڕێوەبەرایەتییەکە هەروەها گوتی، ئەو کۆچبەر و پەنابەرانەی زیاتر لە پێنج ساڵە لە ناوچەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر نیشتەجێن، مافی دەنگدانیان دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ