رووداو دیجیتاڵ
لە مزگەوتەکانی هەرێمی کوردستان بە تەکبیری جەژن و نزاکردن، نوێژی جەژنی قوربان بەڕێوەچوو. لە گوتاری مامۆستایانی ئایینی و قسەی هاونیشتمانییان، نەهاتنی مووچە رەنگی دابووەوە و دۆخێکی جیاوازی بە جەژنەکە بەخشیوە.
د. عەبدوڵڵا وەیسی، سەرۆکی یەکێتیی زانایانی ئایینیی کوردستان لە مزگەوتێکی سۆران گوتاری جەژنی پێشکێکرد و ئاماژەی بەوە کرد، بەهۆی ئەو زوڵمەی لە خەڵکی کوردستان کراوە، ئەگەر سەردانی ماڵێکمان کرد لە جەژندا و وەکو پێویست ئامادەکارییان نەکردبوو، دەبێت لێبووردە بین بەرامبەریان.
هەروەها د. بەشیر حەداد، لە مزگەوتی جەلیل خەیات لە هەولێرەوە رایگەیاند، نەناردنی مووچەی مانگی ئایار پێش جەژن، کردنە قوربانیی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بووە.
بەشێکی زۆری مزگەوتەکانی هەرێمی کوردستان لەچاو جەژنانی دیکەدا چۆڵ بوون و خەڵک بە گڕوتینەوە بەشدارییان لە نوێژی جەژندا نەکرد.
کاریگەریی ئەو دۆخە ئابوورییە لەسەر قوربانیکردنیشە، بەڵام بەهۆی ئەوەی بەشێکی زۆریان پێشتر بڕیاریانداوە کە قوربانی بکەن، کاریگەرییەکە بەو شێوە بەرچاوە لە بەشێکی ناوچەکان دەرنەکەوتووە.
جەژنەکە هاوکاتیشە لەگەڵ بڵاوبوونەوەی تای خوێنبەربوون، بۆیە هاونیشتمانییان دەچنە سەربڕخانەکان بۆ قوربانیکردن.
پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینیی هەرێمی کوردستان لە مزگەوتی جەلیل خەیات نوێژی جەژنی کرد و رایگەیاند، "زۆر نیگەرانین کە بە بڕیارێکی نادەستووری و نایاسایی، حکومەتی فیدراڵ لە جەژندا مووچەی مووچەخۆرانی بڕی. باوەڕ ناکەم هیچ حکومەتێکی دنیا لە بۆنەیەکی لەم شێوەیەدا ببڕێت."
وەزیری ئەوقاف ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو بڕیارە لە رووی ئایینی و مرۆییەوە "سەرپێچییەکی گەورەیە و لە هیچ وڵاتێکی دنیا نەمان بینیوە." گوتیشی، "پشتمان بە سەرکردایەتیی سیاسیی خۆمان ئەستوورە کە دوای جەژن هەنگاوی کرداری بنرێت و ئەو کێشەیە چارەسەر بکرێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ