رووداو دیجیتاڵ
داواکاری گشتیی پاوە رایگەیاند، ئەو بەلەمەوانە دەستبەسەرکراوە کە بەلەمەکەی لە بەنداوی داریان نوقم بوو.
رۆژی پێنجشەممە، 05-06-2025 بەلەمێکی گەشتیاری لەنێو بەنداوی داریانی پاوە بە شەش گەشتیارەوە نوقم بوو و سەرنشینەکانی لەلایەن بەلەمەوانانی دیکەوە و تیمی فریاکەوتنی بەنداوەکە رزگار کران.
کانی بڵ لە دڵی کێوەکانی شاهۆی هەورامان هەڵدەقوڵێت و بە شێوەی تاڤگە دەڕژێتە نێو بەنداوی داریان. رووداوەکە کاتێک روویدا کە ئەو بەلەمە نزیک ئاوی کانی بڵ کەوتەوە و ئاوی تاڤگەکە رژایە نێو بەلەمەکە و نوقم بوو.
هادی نەزەری، داواکاری گشتیی پاوە دەڵێت، بەلەمەوانەکە دەستبەسەرکراوە بەهۆی ئەوەی بێ رەچاوکردنی رێوشوێنەکان بەلەمەوانی کردووە و مۆڵەتی نەبووە.
بە گوتەی داواکاری گشتیی پاوە، بەلەمەوانانی گەشتیاری دەبێ مۆڵەت و بیمەیان هەبێت و خۆیان و سەرنشینەکانیان چاکەتی رزگارکەر (ئێلەکی سەلامەتی)ـیان لەبەردا بێت و هەر بەلەمەوانێک پابەندی ئەو مەرجانە نەبێت، دەستبەسەر دەکرێت و سزا دەدرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ