بە بیانووی نەبوونی تاپۆ سایلۆی دیالە گەنمی 4000 جووتیاری کورد لە خانەقین وەرناگرێت

07-06-2025
هونەر حەمید
گەنمی جووتیارێکی خانەقین. وێنە: رووداو
گەنمی جووتیارێکی خانەقین. وێنە: رووداو
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەرهەمی ئەم ساڵی عەبدوڵڵا هەیاس 50 تۆن گەنمە، بەڵام سایلۆی دیالە لێی وەرناگرێت؛ ئەو یەکێکە لە جووتیارەکانی خانەقین و دەڵێت، جگە لە سایلۆ، تەنانەت بازگەی خانەقینیش رێگە نادات گەنمەکەی بباتە سایلۆی کەلار، ئەوەش بەهۆی نەبوونی زەوییەکەی لە نەخشەی کشتوکاڵی.
 
عەبدوڵڵا هەیاس، جووتیار لە گوندی مێخاسە بە رووداوی گوت، "ئەو گرفتەمان هەیە لە سایلۆی دیالە بۆمان چارەسەر ناکرێت، چونکە زەوییەکانمان وەرەسەیە، بێجگە ئەوەی مادەی 140 هەر ناکرێت. داواکارین چارەسەرێکمان بۆ بکەن، بازگەکەش ناهێڵێت یەک کیلۆ ببەین و ناهێڵێت یەک فەردە کیمیاییش بێت."
 
چوار هەزار جووتیاری خانەقین کە زەوییەکانیان دەکەوێتە سنووری مادەی 140، سایلۆی دیالە بە بیانووی نەبوونی تاپۆ، ساڵانە زەوییەکانیان ناخاتە نێو نەخشەی کشتوکاڵی و گەنمەکانیان لێوەرناگرێت.
 
جەمیل عەدنان، جووتیاری خانەقینە، گەنمەکەی نەفرۆشتووە و دەڵێت، "کێشەمان ئەوەیە سایلۆ تاوەکو ئێستا گەنممان لێوەرناگرێت. گەنمەکانمان لەبەر خۆرە و بەدیار گەنمەکانمانەوە دانیشتووین وەکو پاسەوان."
 
عەدنان مەحموود، جووتیار هێشتا هیوای هەیە بۆئەوەی زیانی زۆر نەکات و باسی لەوە کرد، "ئەگەر گەنمەکەمان لێوەرنەگیرێت زەرەری زۆر دەکەین، کیمیایی گرانە و هەموو شتێک گرانە. گەنمەکە کەوتووە لەسەر زەوی و خوا قبووڵ ناکات."
 
فەلاح مەحموود، جووتیاری خانەقینە و ئاماژە بەوە دەکات، گەنم وەرناگرن لێیان و مەگەر کا بفرۆشن، "جووتیاران خەرجییەکی زۆریان کردووە لەسەر زەوییەکانیان، کیمیایی کردووە و خەڵکیان گرتووە بۆ ئاودان، خۆ فرۆشتن هەر کا نییە، گەنەمەکە نەفرۆشین زەرەر زۆر دەکەین."
 
سایلۆی دیالە لە کۆی 50 هەزار تۆن گەنمی جووتیارانی خانەقین، کەمتر لە 5000 تۆن گەنمی وەرگرتووە.
 
کامەران عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی خانەقین دەڵیت، سایلۆ گەنمی جووتیارانی کورد وەرناگرێت، "گرفتی وەرگرتنی گەنم لە سایلۆی دیالە بۆ جووتیارەکانی خانەقین و دەوروبەری هەموو ساڵێک دووبارە دەبێتەوە، تەنها ساڵێک نییە بڵێن ئەوە چارەمان کرد، لەبەر ئەوەی ئەم کوردانە گەڕاونەتەوە سەر زەویی خۆیان حکومەتی عێراق تاوەکو ئێستا گرێبەستەکانیان بۆ نوێ ناکاتەوە."
 
بەهۆی وشکەساڵییەوە ئەم ساڵ حکومەتی عێراق بڕیاری داوە گەنمی ئەو زەوییانە وەرنەگرێت کە دێمین و تەنها گەنمی ئەو زەوییانە وەردەگرێت کە بەراون.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان

قوباد تاڵەبانی: لە دڵەوە پیرۆزبایی لە یانەی زاخۆ و هەموو کوردستان دەکەم

قوباد تاڵەبانی پیرۆزبایی لە یانەی زاخۆ دەکات و دەڵێت، "بردنەوەی خەڵاتی باشترین هاندەر لەسەر ئاستی جیهاندا، شانازییەکی گەورەیە بۆ یانەی زاخۆ و وەرزشی کوردستان و بۆ هەموو خەڵکی کوردستان".