رووداو دیجیتاڵ
فێستیڤاڵی بنکەی رۆشنبیریی لالش لەژێر درووشمی "فۆلکلۆر ناو و ناونیشانی رەسەنایەتیی ئێمەیە" لە هۆڵی کۆنفرانسەکانی زانکۆی دهۆک بەڕێوەدەچێت. لە فێستیڤاڵەکەدا کە یەک رۆژ دەخایێنێت، چاند و هونەری کوردی ئێزدی لە پارچەکانی کوردستان بە ئامادەبووانی فێستیڤاڵەکە ئاشنا دەکرێت.
پانێلی یەکەمی فێستیڤاڵەکە کاژێر 10:30ی خولەکی ئەمڕۆ پێنجشەممە 06-07-2023 بە سروودی ئەی رەقیب دەستی بە کارەکانی کرد. دواتر هەریەک لە سەعید جردۆ، سەرۆکی دەستەی باڵای بنکەی لالش و پارێزگاری دهۆک، گوتار دەخوێننەوە.
هەر لە سەرەتای فێستیڤاڵەکەدا چەند گۆرانییەکی فۆلکلۆری لەلایەن سترانبێژان تەحسین خدر و فەقیر و جەلۆ شنگالی پێشکێش دەکرێن، هەروەها تیپی شاریاش تابلۆیەکی هەڵپەڕکێ پێشکێش دەکەن. دواتریش خەڵاتی فێستیڤاڵەکە دابەش دەکرێت.
لە پانێلی دووەمی سەرلەبەیانیی فێستیڤاڵەکە، سەرەتا چەند وێنەیەکی گۆرانیبێژانی کۆچکردوو نیشاندەدرێن، گرووپی "ئاوازێن مە،" چەند ئاوازێکی فۆلکلۆری پێشکێش دەکات. دواتر خواردنی فۆلکلۆریی ئێزدییەکان نمایش دەکرێت.
دوای پشوودان و نانخواردن، پانێلی یەکەمی پاشنیوەڕۆی فێستڤاڵەکە بە چەند گۆرانییەکی فۆلکلۆری لەلایەن خەلو شنگالی، مەحموود شنگالی، فەقیر میرزا و بەرەکات عەلی دەستپێدەکات.
دواتر تیتالی کەرەمێ سەیاد، بەڕێوەبەری رادیۆی یەریڤان لە ئەرمینیاوە لە رێگەی ئامێری داتاشۆوە فۆلکلۆری کوردی ئێزدی لە ئەرمەنستان نیشان دەدات. هەروەها دکتۆر بەدران حوکمەت، مامۆستای زانکۆی مێردین لە رێگەی داتاشۆوە باسی فۆلکلۆری کوردی ئێزدی لە باکووری کوردستان دەکات.
لە پانێلی دووەمی ئێوارەی فێستیڤاڵەکەدا مامۆستا نەسیم شەمۆ، مامۆستای زانکۆی دیجلە باسی فۆلکلۆری ئێزدییان لە رۆژئاوای کوردستان دەکات.
دواتر چەند هەڵپەڕکێیەکی دەڤەری باشیک و بەحزانێ لەلایەن تیپی (مدینە الزیتون)ی باشیک پێشکێش دەکرێن.
هەر لە پانێلی دووەمدا دیمەنی چاندنی باب و باپیرانی ئێزدی نمایش دەکرێت، هەروەها چەند هەڵپەڕکێیەکی فۆلکلۆریی دەڤەری شنگال لەلایەن تیپی فۆلکلۆری شنگال پێشکێش دەکرێن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ