رووداو دیجیتاڵ
کۆمەڵی دادگەریی کوردستان لەبارەی بانگەشەکانی کەسێک بەناوی عەتا دارتاش لەسەر بردنی 25 دەفتەر دۆلار لەلایەن هەورامان گەچێنەیی، پەرلەمانتاری خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستانەوە روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، 10 ساڵ پێش ئێستا ئەو کەسە کێشەکەی بردووەتە لای ئەوان و نەیتوانیوە داواکەی لەبەردەم لیژنەیەکی پسپۆڕی شەرعی و یاسایی بسەلمێنێت؛ دەشڵێت، "ئه‌و جۆره كێشانه کەسین و نامانەوێت کۆمەڵی دادگەری تێوەبگلێنرێت و كاك عه‌تا دەتوانێت سه‌رله‌نوێ لە دادگە سكاڵا تۆمار بکاتەوە."
رۆژی پێنجشەممە 6-7-2023، کۆمەڵی دادگەریی کوردستان لەبارەی گوتەی هاونیشتمانییەک بەناوی" عەتا دارتاش" کە پەرلەمانتارێکی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستانی بەناوی"هەورامان گەچێنەیی" بە بردنی 25 دەفتەر دۆلار تۆمەتبارکردووە، روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و ئەمە دەقەکەیەتی:
پێش 10 ساڵ كاك عه‌تای دارتاش سكاڵایه‌كى هه‌بوو له‌سه‌ر به‌ڕێز مامۆستا هه‌ورامان گەچێنەیی. ئێمه‌ش وه‌كو كێشه‌ى كه‌سی دوو ئه‌ندامى كۆمه‌ڵ، پێمان راگه‌یاندن كه ئایا هه‌ردوولا رازین به‌وه‌ى لیژنه‌یه‌كى پسپۆڕ لە رووی شه‌رع و یاساوە ئه‌و كێشه‌یان یەکلا بکاتەوە، به مه‌رجێک هه‌ردوولا رازی بن به‌بڕیارى لیژنه‌كه. ئەوەبوو هەردوولا پابه‌ندییان ده‌ربڕی و چوونه به‌رده‌م لیژنه و پاش چه‌ند دانیشتنێک و خستنه‌ڕووى به‌ڵگه و شاهێده‌كانیان، ده‌رئه‌نجام سكاڵاكار "كاك عه‌تا" نه‌یتوانى داواكه‌ى بسه‌لمێنێ و به بڕیارى لیژنه شەرعییەكه رازى نه‌بوو.
ئێمه‌ش ئه‌و كات ئازادمان كرد و پێمان گوت، "له دادگە سكاڵا بكە" و كردیشى، ئێستاش ئه‌م جۆره كێشانه، "شەخسی"ــن و نامانەوێت کۆمەڵی دادگەری تێوەبگلێنرێت؛ كاك عه‌تاش دەتوانێت سه‌رله‌نوێ لە دادگا سكاڵا تۆمار بکاتەوە. باسکردن و وروژاندنی ئه‌م بابه‌ته له سۆشیاڵ میدیا دەچێته چوارچێوەی ناوزڕاندنەوە.
ئێمه‌ش داواكارین دادگە ئه‌م كه‌یسه یه‌كلابكاته‌وه و ده‌رئه‌نجامه‌كه‌شی بۆ راى گشتى ئاشکرابکات بۆ ئه‌وه‌ى راستى ئه‌م بابه‌ته بۆ هه‌موولایەک روون بێته‌وه.
روونکردنەوەکەی کۆمەڵی دادگەری لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ کەسێک بەناوی عەتا دارتاش لە سلێمانی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا ئەو پەرلەمانتارەی پێشووی کۆمەڵی دادگەری بە بردنی بڕی 25 دەفتەر دۆلار لە کارێک‌دا کە پێکەوە کردوویانە تۆمەتبارکرد و گوتی،" ساڵێک و سێ مانگە ئەو بابەتە لە دادگەیە و نازانم بۆچی ئاگادار ناکرێینەوە."
عەتا دارتاش گوتیشی، "کاک محەممەد حەکیم هەموو بابەتەکە دەزانێت و پێی گوتم کە با عەیبدار نەبین و پارەکەت بۆ دەهێنمەوە. مامۆستا هەورامانیش گوتی پارەکەت نادەمەوە و چیت دەوێت بیکە."
بەڵام پەرلەمانتارەکەی پێشووی کۆمەڵ لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا ئەمڕۆ پێنجشەممە گوتی، ئەگەر ئەو هاووڵاتییە "بە شەرعی خودا و لە دادگە و بەپێی یاسا بە بەڵگە سەلماندی ماف و پارەیەکی لای منە، ئەوە ئامادەم بۆی بگێڕمەوە، بەڵام سەرلەبەری قسەی ئەو کەسە هەمووی بوختان و تەشهیرە و سەرەتا دەیدەمە دەستی خودای گەورە. دووەم، من لە سەفەرم لە دەرەوەی وڵات. لە دادگەی سکاڵای لەسەر دەکەم لەسەر ئەو تەشهیر و بوختانانەی کردوویەتی و با لەبەردەم دادگە بیسەلمێنیت کە پارە و مافی لای منە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ