رووداو دیجیتاڵ
پۆلیسی دارستانی سلێمانی رایگەیاند، ئەم بەیانییە چوار رووداوی ئاگرکەوتنەوە لە سنووری پارێزگای سلێمانی روویان داوە؛ زیانی گیانی لێنەکەوتووەتەوە؛ بەڵام دارستان و باخی هاووڵاتیان سووتاون.
ئەمڕۆ یەکشەممە 6ی تەممووزی 2025، هێمن عەلی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی بە رووداوی گوت: "چوار ئاگر لە چوار ناوچەی جیاوازی پارێزگەی سلێمانی کەوتوونەتەوە. ئەوانیش لە سەیرانگەی مێرگەپان، قەزای دووکان، ناحیەی سیتەک و شارباژێرن."
بە گوتەی گوتەبێژی پۆلیسی دارستانی سلێمانی، توانرا ئاگرەکەی مێرگەپان کۆنترۆڵ بکرێت، بەڵام نزیکەی 10 بۆ 15 دۆنم پاوان و چەندین داری سروشتیی داربەڕوو سووتان.
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی ئەمڕۆ رایگەیاند، ئاگرێک لە سنووری گوندی کەڵکەسماقی قەزای دووکان کەوتەوە؛ بە هاوکاریی خەڵکی سنوورەکە توانرا ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکرێت؛ بەڵام 80 دۆنم پاوان و سەتان داری سرووشتی سووتان.
پۆلیسی دارستانی سلێمانی دەڵێت، گومان دەکرێت لەو ئاگرەی سنووری کەڵکەسماقە، هۆکارەکەی پاشماوەی گەشتیاران بێت و لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن.
هێمن عەلی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی دارستان ئاماژە بەوە دەدات، "ئاگر لە سنووری گوندی ئاڵاسیاوی ناحیەی سیتەک کەوتەوە؛ چەندین رەز و باخی هاووڵاتییانی سنوورەکە سووتاون. هاوکات 5 دۆنم زەویی پووشوپەڵاش و چەندین داری سرووشتی زیانیان پێگەیشت."
هێمن عەلی گوتیشی، ئاگرەکەی ئاڵاسیاومان کۆنترۆڵ کرد و هاووڵاتییەکیش بە تۆمەتی هۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکە دەستگیرکرا.
هەر ئەمڕۆ ئاگرێک لە سنووری گوندەکانی "گۆڕەدێم، ئاڵەک و زێوێ"ی سەر بە دەڤەری شارباژێڕ کەوتەوە؛ پۆلیسی دارستانی سلێمانی دەڵێت ئەو ئاگرەشیان کۆنترۆڵ کردووە.
سەبارەت بە زیانەکانی ئاگرەکەی شارباژێر، پۆلیسی دارستانی سلێمانی گوتی "نزیکەی 100 دۆنم لە پووش و پاوان، داری سرووشتی سووتان" بۆ هۆکارەکەشی گوتی: "هۆکارەکە نادیارە و لێکۆڵینەوە بەردەوامە ."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ