نزیکەی 300 هەزار تۆن گەنم لە جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەرگیراوە

06-07-2025
سۆران حوسێن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

حکومەتی عێراق تەنیا 400 هەزار تۆن گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەردەگرێت. بەگوێرەی لایەنی پەیوەندیدار بۆ رووداو، تاوەکو ئەمڕۆ زیاتر لە 290 هەزار تۆن گەنم وەرگیراون.
 
نەسرین ئەحمەد، بەڕێوەبەری بازرگانیی دانەوێڵەی سلێمانی، ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "پشکی گەنم بۆ وەرگرتن لە پارێزگای سلێمانی بە هەڵەبجەشەوە 158 هەزار تۆنە و تاوەکو ئەمڕۆ 119 هەزار تۆن وەرگیراوە".
 
پشکی گەنمی پارێزگای هەولێر 122 هەزار تۆنە. میران بەختیار، بەڕێوەبەری بازرگانیی دانەوێڵەی هەولێر، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "تاوەکو دوێنێ 88 هەزار تۆن گەنم لە جووتیاران وەرگیراوە".
 
لە پارێزگای دهۆکیش زۆرینەی گەنم وەرگیراوە. نازم محەممەد، بەڕێوەبەری بازرگانی دانەوێڵەی دهۆک، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "پشکی پارێزگاکەمان بۆ وەرگرتنی گەنم 117 هەزار و 911 تۆنە، تاوەکو دوێنی 87 هەزار و 664 تۆن لە جووتیاران وەرگیراوە".
 
ساڵی رابردوو حکومەتی عێراق 700 هەزار تۆن گەنمی لە جووتیارانی هەرێمی کوردستانی وەرگرت.
 
ئەم ساڵیش هاوشێوەی پار، حکومەتی عێراق تۆنێک گەنم بە 850 هەزار دینار وەردەگیرێت.
 
بەرهەمی گەنمی هەرێمی کوردستان زیاترە لە 400 هەزار تۆن، بۆ ساخکردنەوەی گەنمی ماوە، ئەنجوومەمەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان رەزامەندیداوە، ئەو گەنمەی دەمێنێتەوە بۆ هەر تۆنێکی گەنمی پلە یەک 550 هەزار دینار و پلە دوو 525 هەزار لەلایەن دوو کۆمپانیای کەرتی تایبەت وەربگیرێن.
 
ئەو جووتیارانەی گەنم دەبەنە ئەو دوو کۆمپانیایە، دەبێت پشتگیریی کشتوکاڵ و بڕی گەنمی وەرگیراوی لە سایلۆکان پێ بێت و بڕی گەنمی وەرنەگیراویش تۆمار کرابێت.
 
وەرگرتنی گەنم لەلایەن کەرتی تایبەتەوە لە 15ـی ئەم مانگەوە دەستپێدەکات و بۆ ماوەی مانگێک بەردەوام دەبێت و دوای دوو مانگ لە وەرگرتنی گەنمەکە، دەبێت پارەکەی بدرێتە جووتیاران.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 دیمەنێکی سەنتەری شاری ئاکرێ. وێنە: بڵند تاهیر- رووداو

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ: پێویستمان بە 7000 پارچە زەوییە بۆ دابەشکردن

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ رایدەگەیێنێت، رێکارەکانی دابەشکردنی زەوی دەستیپێکردووە و لە قۆناخی یەکەمدا دوو هەزار و 500 پارچە زەوی ئامادەیە. دەشڵێت، بە بڕیارێکی وەزارەتی شارەوانی، دروستکردنی خانوو لە 22 گوند راگیراوە.