شارەوانیی دەربەندیخان کامێرای چاودێری بۆ فڕێدانی زبڵ دادەنێت

06-07-2025
ژیڤان بەکر
ژیڤان بەکر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

شارەوانیی دەربەندیخان رایگەیاند، بەمەبەستی پاراستنی ژینگەی قەزاکە، لیژنەی زیادەڕۆیی سەرۆكایەتیی شارەوانیی دەربەندیخان، لە هەندێک شوێن كامێرای چاودێری دادەنێت و لافیتەی ئاگاداركردنەوە هەڵدەواسێت.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە 6ـی تەممووزی 2025، ئەندازیار زریان سابیر، بەڕێوەبەری شارەوانیی دەربەندیخان بە رووداوی گوت: "لە پێنج شوێنی قەزای دەربەندیخان کامێرای چاودێریمان داناوە و لافیتەی ئاگەداریمان هەڵواسیوە کە نابێت زبڵ و خاشاک لەو شوێنانە فڕێ بدەن."
 
بە گوتەی بەڕێوەبەری شارەوانیی دەربەندیخان، لەو 5 شوێنەی ئێستا کامێرای لێدانراوە، پێشتر حاویەی زبڵی لێدانرابوو؛ دانی پێدادەنێن کە شوێنەکەی هەڵە بووە و ئێستا قەدەخەیان کردووە.
 
شارەوانیی دەربەندیخان تێرمیناڵی كۆنی سلێمانی لە خۆڵ و خاشاک پاككردەوە و پاشان كامێرای چاودێری لێ دانا؛ لە هەمانكاتدا لافیتەیەكی ئاگاداركردنەوەی لە شوێنەكەدا هەڵواسیوە كە لەسەری نووسراوە "تكایە خۆڵ و خاشاک لەم شوێنەدا فڕێ مەدەن، بەپێچەوانەوە تووشی سزای یاسایی و پێبژاردن دەبنەوە، بۆ ئاگاداریتان ئەم شوێنە لەژێر چاودێری كامێرادایە."
 
ئەندازیار زریان سابیر ئاماژەی بەو شوێنانە دا کە کامێرایان لێداناوە و نابێت خەڵک زبڵی لێ فڕێ بدات؛ ئەوانیش، نێو بازاری میوەفرۆشەکان، خوار کۆمیتەی دەربەندیخان، گەڕەکی کانی توو، بەردەم تێرمیناڵی کۆنی دەربەندیخان و ناوچەی پیشەسازیی دەربەندیخان.
 
لەبارەی سزاکانەوە ئەو ئەندازیارە روونیکردەوە، "هەر کەسێک سەرپێچی بکات، سزاکەی لە دەسەڵاتی قایمقامی دەربەندیخانە و لە 100 هەزار دینارەوە دەستپێدەکات تاوەکو 500 هەزار دینار."
 
دانانی كامێرای چاودێری، میكانیزمێكی نوێی شارەوانییەكانی سەر بە بەرێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەكانی سلێمانییە، بە ئامانجی سنورداركردنی دیاردەی فڕێدانی خۆڵ و خاشاک لە شوێنە گشتییەكان و پاراستنی زیاتری ژینگەی قەزا و ناحیەكانی سنووری پارێزگەکەیە.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 دیمەنێکی سەنتەری شاری ئاکرێ. وێنە: بڵند تاهیر- رووداو

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ: پێویستمان بە 7000 پارچە زەوییە بۆ دابەشکردن

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ رایدەگەیێنێت، رێکارەکانی دابەشکردنی زەوی دەستیپێکردووە و لە قۆناخی یەکەمدا دوو هەزار و 500 پارچە زەوی ئامادەیە. دەشڵێت، بە بڕیارێکی وەزارەتی شارەوانی، دروستکردنی خانوو لە 22 گوند راگیراوە.