بۆچی پەکەکە سنووری سلێمانیی بۆ چەکدانانی یەکەم گرووپ هەڵبژارد؟

06-07-2025
سۆران حوسێن
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

بەگوێرەی پلانی ئامادەکراو، لە ماوەی یەک هەفتەدا پڕۆسەی چەکدانانی گرووپێک لە گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە لە سنووری پارێزگای سلێمانی بەڕێوەدەچێت. کەسانی ئاگادار دەڵێن، هۆکاری سەرەکیی دانانی رێوڕەسمەکە لە سنووری سلێمانی پرسی "ئەمنییە."
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو کە زیاتر لە سێ سەرچاوە پشتڕاستیان کردووەتەوە، چەکدانانی گرووپێکی 20 بۆ 30 گەریلایی پەکەکە لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین لە پارێزگای سلێمانی دەبێت.
 
گفتوگۆی پەکەکە و تورکیا لەسەر رێوڕەسمەکە
 
رووداو زانیویەتی، پێشتر گفتوگۆ لەنێوان لایەنی تورکیا و پەکەکە لەسەر شوێنی چەکدانانی یەکەم گرووپی گەریلا کراوە و تورکیا بە باشی زانیوە، کە رێوڕەسمەکە لە سنووری پارێزگای هەولێر بێت، بەڵام پەکەکە دوای ژمارەیەک کۆبوونەوەی نێوخۆیی، داواکەی تورکیای رەتکردووەتەوە.
 
بەگوێرەی زانیارییەکان، دوای تاوتوێکردن، بەرپرسانی پارتی کرێکارانی کوردستان بڕیاریانداوە رێوڕەسمی چەکدانانەکە لە سنووری پارێزگای سلێمانی بێت و دواجار تورکیاش پەسندی کردووە.
 
کەسێکی ئاگادار لە رێوڕەسمەکە ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەوەی پەکەکە دەیکات نیازپاکییە بۆ ئاشتی، دیاریکردنی شوێنی رێوڕەسمی چەکدانانەکەش تەنیا رەچاوکردنی دۆخی ئەمنییە".
 
بۆچی پەکەکە بۆ چەکدانان سلێمانی پەسند کردووە؟
 
بەگوێرەی ئامارەکان بێت، تورکیا رێگەی خۆشکردووە کە چەکدانانی گرووپێکی گەریلاکانی پەکەکە لە سنووری سلێمانی بێت.
 
کامەران عوسمان، ئەندامی رێکخراوی (سی پی تی) ئەمریکی لە هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە دوای راگەیاندنی ئاگربەست لەلایەن پەکەکەوە، سنووری پارێزگای سلێمانی لەلایەن تورکیاوە بۆردوومان نەکراوە".
 
کامەران عوسمان کە رێکخراوەکەیان بۆردوومانەکانی سەر هەرێمی کوردستان تۆمار دەکات، دەڵێت: "لە مانگی چواردا تورکیا 210 هێرش و بۆردوومانی کردووە، 198 هێرشیان لە سنووری دهۆک، لە هەولێر 12 هێرش بووە و لە سلێمانی سفر بووە".
 
بەگوێرەی ئاماری رێکخراوەکە، لە مانگی پێنجدا تورکیا لە سنووری سلێمانی و هەولێریش هیچ هێرشێکی نەکردووە، بەڵام لە دهۆک هێرشەکانی بەردەوام بووە.
 
کامەران عوسمان ئاماژەی بەوەشکرد، لە مانگی رابردووشدا لە سنووری پارێزگای سلێمانی هێرش سفر بووە، بەڵام "لە سنووری پارێزگای هەولێر نۆ هێرش و لە دهۆک زۆر زیاتر بووە".
 
بەگوێرەی ئەم ئامارانە بێت، لە سێ مانگی رابردوودا هێرشی تورکیا بۆ سنووری سلێمانی سفر بووە و ئەمەش دەکرێت هۆکاری سەرەکیی پەکەکە بێت بۆ چەکدانان لەو ناوچەیە.
 
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە سلێمانی ئەمڕۆ بە رووداوی گوت: "بەهۆی پڕۆسەی ئاشتی و هێوربوونەوەی دۆخەکە، لە ناوچە جیاکانی سنووری پارێزگای سلێمانی هاتووچۆی گەریلاکان ئاسایی بووەتەوە، دۆخەکە گەڕاوەتەوە بۆ پێش ساڵی 2018".
 
شاندی دەم پارتی دێنە باشووری کوردستان
 
بەرپرسێکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "هەموو ئامادەکارییەک کراوە بۆ هاتنی شاندێک بۆ هەرێمی کوردستان و پێش 12ـی ئەم مانگە شاندەکە لە باکووری کوردستانەوە دێن".
 
بەگوتەی ئەو بەرپرسەی دەم پارتی، شاندەکە راستەوخۆ دەچنە سلێمانی و ئامانجی سەرەکیی هاتنیان بۆ بەشداربوونە لە رێوڕەسمی چەکدانانی گرووپێکی گەریلاکانی پەکەکە.
 
بەگوێرەی زانیارییەکان، رێوڕەسمی چەکدانانەکە بە ئامادەبوونی میدیاکان، رێکخراوەکان و کەسایەتییە سیاسیی و حکومییەکان دەبێت.
 
لە رێوڕەسمەکەدا بڕیارە گرووپە گەریلاکەی پەکەکە، چەکەکانیان لەنێو ببەن؛ سووتاندن یان هەر شێوەیەکی دیکەی لەنێوبردن.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە