کوردستان
قایمقامی قەزای پشدەر دەڵێت، ئەگەر رێگە لەم کۆچە بە لێشاوە نەگیرێت قەزای پشدەر دەبێتە شوێنی پیر و بەساڵاچووان.
رووداو دیجیتاڵ
قایمقامی قەزای پشدەر رایگەیاند، بە سەدان گەنجی قەڵادزێ لە چەند رۆژی رابردوودا کۆچیانکردووە بۆ دەرەوەی وڵات و دەشڵێت: ئێستا کچان چوار هێندەی کوڕانن.
رۆژی یەکشەممە، 2025-07-06، بەکر بایز، قایمقامی قەزای پشدەر لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 17:00ی تۆڕی میدیایی رووداو کە شەهیان تەحسین پێشکێشی دەکرد راگەیاند: "لێشاوێکی دیکەی کۆچبەران لە راپەڕین و قەزای پشدەری سەری هەڵداوەتەوە، پێشتر هۆشداریمان دابوو کە ئەگەر رێگە لەم کۆچە بە لێشاوە نەگیرێت قەزای پشدەر دەبێتە شوێنی پیر و بەساڵاچووان."
بەکر بایز دەڵێت: "رووخساری پیری بە پشدەرەوە دیارە، تەنانەت جیاوازی لە نێوان رێژەی جێندەر دروستبووە، بە رادەیەک لە خوێندنگەکان رەگەزی نێر بووە بە یەک لەسەر چوار، تەنانەت لە پۆلە بنەڕەتییەکانیش وەکو نۆی بنەڕەتی کوڕەکان دەستیانکردووە بە کۆچکردن و رێژەی کچ و کوڕ لە خوێندنگاکان تێکچووە".
قائیمقامی پشدەر ئاماژە بەوە دەکات، لە قەزاکەیان زەمینەی کەرتی تایبەت ئەگەر سفر نەبێت نزیکی سفرە، لە سەنتەری شارە گەورەکانی سلێمانی، هەولێر و دهۆک دوورە، بۆیە وەبەرهێنەرانیش وەبەرهێنانی لێ ناکەن. داوا لە حکومەت دەکات، "ژێرخانی ئابووری ببووژێنێتەوە و هەلی کار بۆ گەنجان بڕەخسێنێت، بۆ کەمکردنەوەی کۆچی گەنجان".
'شەپۆلێکی بە لێشاوی گەنجان بۆ کۆچکردن دەستیپێکردووە'
بە گوتەی قایمقامی قەزای پشدەر، ئێستا لە قەزاکە شەپۆلێکی زۆر و بە لێشاوی گەنجان بۆ کۆچکردن بەرەو هەندەران دەستیپێکردووە. هۆکارەکەی بۆ "نەهاتنی مووچە" و "کەمبوونی کشتوکاڵ بەهۆی وشکەساڵی" گەڕاندەوە، کە خێزانەکانیان ناتوانن بەهۆی بێ مووچەیی کۆنترۆڵی منداڵەکانیان بکەن.
گوتیشی: "لە 01ـی تەممووزەوە، 100 کەس لە قەزاکەمان کۆچیانکردووە، بەپێی بەدواداچوونی ئێمە زیاتر و بەرفراونتریش دەبێت".
بەکر بایز گوتی: "بۆ کەمکردنەوەی کۆچی گەنجان دەبێت دەستی کار زیادبکرێت، مەرزی کێلێ بکرێتە نێودەوڵەتی یاخود بەنداوی دەڵگە دروستبکرێت".
بەپێی زانیارییەکانی ئەبوبەکر ئیسماعیل، پەیامنێری رووداو لە راپەڕین، ئەوانەی کۆچیانکردووە تەمەنیان لە نێوان 16 بۆ 30 ساڵ دایە و بەشێکی زۆریان دەرچووی زانکۆن و دانەمەزراون، کە ژمارەیان نزیکەی 100 کەس دەبن و بە نایاسایی کۆچیان کردووە.
'لە شەش مانگدا لە راپەڕین زیاتر لە 1000 کەس کۆچیانکردووە'
ئەبوبەکر عەلی، سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکانی ئەورووپا بە رووداوی گوت: "بابەتی کۆچکردنی گەنجانی ناوچەی راپەڕین بۆ ئەورووپا بەم شێوەیە نییە کە باسی لێوە دەکرێت" و رایگەیاند، بەپێی ئاماری کۆمەڵەکەمان لە شەش مانگی رابردوودا لە نێوان هەزار بۆ هەزار و 100 کەس لە دەڤەری راپەڕینەوە کۆچیان کردووە".
بە گوتەی ئەبوبەکر عەلی، لە سەرەتای ئەم ساڵەوە تاوەکو ئێستا، "نزیکەی پێنج هەزار کەس لە هەرێمی کوردستانەوە کۆچیان"کردووە. ئەم ئامارە هەموو ناوچەکان دەگرێتەوە، لە زاخۆوە تاوەکو گەرمیان، بە هەڵەبجەشەوە.
گوتیشی: "ئێمە ئەو داتایانەمان لە رێگەی نوێنەرەکانمانەوە لە وڵاتانی فەرەنسا، یۆنان و ئیتالیا، هاوکات لە رێگەی چەند سەرچاوەیەکی دیکەوە کە پێمان دەگات، بەدەستهێناوە".
سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکانی ئەورووپا لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان دەڵێت: "زیاترین کۆچبەرانی هەرێمی کوردستان لە رێگەی یۆنان و ئیتاڵیاوە بەرەو وڵاتانی ئەورووپا کۆچ دەکەن و ئێستا حەوت هاووڵاتی خەڵکی هەرێمی کوردستان لە لیبیا گیراون کە یەکێکیان خەڵکی شەقڵاوەیە و ئەوانەی دیکە خەڵکی دەڤەری راپەڕینن. چوار کەس لە مالیزیا و دوو کەسیش لە تایلاند گیراون. ئەوانە ویستوویانە بە ڤیزەی ساختە لە رێگەی ئەو وڵاتانەوە بپەڕنەوە بۆ وڵاتانی ئەورووپا، لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار لەسەر هێڵین بۆ ئازادکردنیان".
سەرۆکی رێکخراوەکە گومان دەخاتە سەر ئەو زانیارییانەی کە ئەمڕۆ یەکشەممە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لە شاری سلێمانی لەبارەی کۆچی گەنجانی دەڤەری راپەڕین و پشدەر بڵاوکرایەوە و رایگەیاند، "ئایا کەسێک کەم لەم بوارەدا ئەزموونی نەبێت، ئایا کەسێک لەم بوارەدا نوێنەری نەبێت و سەرچاوەی نەبێت، چۆن دەتوانێت داتا و زانیاریی دروست بخاتەڕوو."
لەبارەی نرخی کۆچکردنی نایاسایی ئەبووبەکر عەلی دەڵێت: "170 گەڵا ئەخەوێندرێت، ئەگەر گەیشتە دەرەوە قاچاخچی پارەکە وەردەگرێت، هەموو قاچاخچییەکانیش کورد نین بەڵکو عەرەب و ئەفغانیشی تێدایە کە لەگەڵ میلیشیاکان رێکدەکەون، خەڵک لە رێگەی لیبیاوە دەنێرن کە رێگەیەکی مەترسیدارە".
کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکانی ئەورووپا لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2012 دامەزراوە و کار بۆ کۆکردنەوە و بڵاوکردنەوەی داتا و زانیاری لەبارەی کۆچی خەڵکی هەرێمی کوردستان بۆ ئەورووپا دەکات.
رێکخراوێکی لاوان لە رانیە: تەنیا لە شەوێکدا 70 گەنجی قەڵادزێ کۆچیان کردووە
ئەحمەد حەسەن، سەرۆکی رێکخراوی لاوانی راپەڕین لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئێستا گەنجان رێگەیەکی نوێ بەکاردەهێنن بۆ پەڕینەوە بەرەو ئەورووپا، ئەویش لیبیایە، کە رێگایەکی مەترسیدارە.
باسی لەوەشکرد: "ژمارەی ئەو گەنجانەی ئیدارەی راپەڕین کە دەیانەوێت بچنە ئەورووپا بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە، تەنیا دوێنێ شەو 70 گەنج لە قەڵادزێوە کۆچیان کردووە."
ئەحمەد حەسەن گوتی، بەر لە رەمەزانی ئەم ساڵ تەرمی مێرمنداڵێک کە لەو رێگەیەوە هەوڵی گەیشتن بە ئەورووپای دابوو، گەڕێندراوەتەوە هەرێمی کوردستان، "بینیمان گورچیلە، دڵ و جەرگی دەرهێنراوە و بازرگانی پێوە کراوە، ئێمە ترسمان لە دووبارەبوونەوەی ئەو رووداوانە هەیە."
گوتیشی، "راستە مووچە و کار نییە، بەڵام ناکرێت گەنجانمان بە 25 هەزار دۆلارەوە لەو رێگەیە بدەن، بەبێ ئەوەی بزانن بە سەلامەتی دەگەنە ئەورووپا یان نا."
سەرۆکی رێکخراوەکە گوتیشی، لەوکاتەوە کە رێگەی لیبیا کراوەتەوە، "مانگانە 300 بۆ 400 گەنج دەڤەرەکە جێدەهێڵن."
سەرۆکی رێکخراوی لاوانی راپەڕین ئاماژەی بەوەشکرد، بەپێی زانیارییەکانیان لەم هەفتەیەدا پلانێک هەیە بۆ ئەوەی ژمارەیەکی زۆری گەنجی ناوچەکە کۆچ بکەن.
ئەحمەد حەسەن لەسەر زاری یەکێک لە قاچاخچییەکانەوە دەڵێت، "بەگوتەی ئەو بێت، لە هەفتەی داهاتوودا 150 گەنجی دیکەی قەڵادزێ دەنێرێتە ئەورووپا."
قەڵادزێ ناوەندی قەزای پشدەرە لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین، کە بەگوێرەی ئامارەکانی رێکخراوەکە، زۆربەی ئەو گەنجانەی لە هەرێمی کوردستانەوە کۆچ دەکەن، خەڵکی ئەو دەڤەرەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ