رووداو دیجیتاڵ
مێرمنداڵێکی کوردی تەمەن 13 ساڵ بە ناوی تاڵب حوسێن محەممەد، دوای ئەوەی لە رێگەی کۆچی نایاساییەوە گەیشتە رۆمانیا، ماوەی نزیکەی دوو مانگە لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتەوە لە سەنتەرێکی چاودێریدا راگیراوە و ئێستا هەوڵەکان بۆ گەڕاندنەوەی بۆ هەرێمی کوردستان دەستیپێکردووە.
تاڵب حوسێن محەممەد، کە لەدایکبووی ساڵی 2012ـە و خەڵکی سنووری ئیدارەی راپەڕینە، لەگەڵ ژمارەیەک کۆچبەری دیکە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی رۆمانیاوە دەستگیر کراوە. بەهۆی ئەوەی تەمەنی لە 18 ساڵ کەمترە، دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە لە سەنتەرێکی تایبەت بە چاودێریی منداڵان لە شاری تیمیشوارە لە رۆژئاوای رۆمانیا دایانناوە و رێگەی پێ نادەن بە تەنیا ئازاد بکرێت.
موسەننا ئەمین، ئەندامی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ یەکشەممە (6ـی تەمموزی 2025) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەو منداڵە نزیکەی دوو مانگە لەو بنکەیە لە ژێر چاودێریدایە، چونکە بەپێی یاسای ئەو وڵاتە ناتوانرێت منداڵی خوار تەمەنی یاسایی بەبێ سەرپەرشتیار ئازاد بکرێت."
ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوەشکرد، لەگەڵ باڵیۆزخانەی عێراق لە رۆمانیا و منداڵەکە و کەسوکاری منداڵەکەش لەسەر هێڵن بۆ ئەوەی ئاسانکاریی یاسایی و پێویستی بۆ بکرێت، بە مەبەستی گەڕاندنەوەی و شادبوونەوەی بە خێزانەکەی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ