رووداو دیجیتاڵ
شارەوانیی سلێمانی داوا لە کەس، بەڵێندەر و کۆمپانیاکان دەکات کە بەشداریی لە زیادکردنێکی ئاشکرادا بکەن بۆ ئەوەی تەندەری "کەمترین نرخی کرێی گۆڕهەڵکەندن و گۆڕهەڵبەستن"یان لە گۆڕستانی نوێی سلێمانیدا، پێ بدەن.
ئەمڕۆ یەکشەممە 6ی تەممووزی 2025، زەردەشت رەفیق، بەڕێوەبەری راگەیاندنی سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی بە رووداوی گوت: "لە زیادکردنێکی ئاشکرادا، دەمانەوێت کاری کەمترین نرخی کرێی گۆڕهەڵکەندن و گۆڕهەڵبەستن بە تەندەر بە کەس، لایەن و کۆمپانیایەک بسپێرین."
گۆڕستانێكی نوێ لە رێگەی عەربەت - سلێمانی ئامادەکراوە، کە رووبەرەکەی زیاتر لە 200 دۆنم زەوییە و نزیک پرۆژەی شاری مامۆستایانە؛ گۆڕستانە نوێیەکە رێگەوبان، پاسەوان و چەند پێداویستییەكی دیكەی بۆ تەرخان کراوە.
بە گوتەی گوتەبێژی شارەوانیی سلێمانی، پێشبڕکێکە بۆ هەرزانترین نرخی هەڵکەندنی گۆڕە لەنێو گۆڕستانی نوێی شاری سلێمانیدا.
بەپێی زانیاریی رووداو، پێشتر کەسێکی گۆڕهەڵکەن، لەنێو گۆڕستانی نوێی سلێمانی گۆڕەکانی بەخۆڕایی هەڵدەکەند؛ هاوکات کەسانی دیکەیش هەبوون کە گۆڕی گەورانیان بە 150 هەزار و منداڵانیان بە 75 هەزار دینار هەڵدەکەند.
ئەو بەرپرسەی شارەوانیی سلێمانی باسی شێوازی پێدانی زەویی بە کەسوکاری مردووەکان کرد و گوتی، "لەو گۆڕستانەدا، یەک شوێن بۆ کەسوکاری مردوو تەرخان دەکرێت، وەکو شوێنەکانی دیکەی کوردستان 100 مەتر، یان 75 مەتر و 50 مەتر بە کەس نادرێت. دەبێت گۆڕەکان یەک مەتر لە یەکدی دوور بن. لە بەرامبەردا هیچ بڕە پارەیەک وەرناگرین و زەویی گۆڕستان بە کەسوکاری مردوو نافرۆشین."
زەردەشت رەفیق گوتیشی: "رەنگە تەنیا ئەو کەسەی تەندەری گۆڕهەڵکەندنەکە وەردەگرێت، مافی ئەوەی هەبێت کە گۆڕەکەیش هەڵبەستێت؛ هاوکات باسی نرخی گۆڕهەڵکەندن ناکرێت، چونکە نرخەکانی دەگۆڕین و جیان."
لە سنووری شاری سلێمانی 25 گۆڕستان هەن، زۆربەیان پڕبوونەتەوە و شوێنی ناشتنی مردوویان نەماوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ