رووداو دیجیتاڵ
باڵیۆزخانەی فەرەنسا لە عێراق دەڵێت، دیاریکردنی رۆژی هەڵبژاردن لەلایەن نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە "هەنگاوێکی بنچینەیی گرنگە".
رۆژی یەکشەممە، 6ـی ئابی 2023، باڵیۆزخانەی فەرەنسا لە بەغدا راگەیاند، "ئەو بڕیارەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان تایبەت بە دیاریکردنی رۆژی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی دەریکردووە، هەنگاوێکی بنچینەیی گرنگە. "
باڵیۆزخانەی فەرەنسا دەشڵێت، ئەوەی گرنگە، هاوئاهەنگیی نێوان هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان و پارتە سیاسییەکانە "لەپێناو ئەنجامدانی پرۆسەیەکی هەڵبژاردن کە رێز لە ستانداردە نێودەوڵەتییەکان بگرێت."
پێشتر، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە گەرمی پێشوازیی لە دیاریکردنی رۆژی هەڵبژاردن لەلایەن نێچیرڤان بارزانییەوە کرد و هانی هەموو لایەنەکانیدا، هەوڵ بۆ سەرخستنی پرۆسەکە بکەن.
رۆژی پێنجشەممە، 3ـی ئابی 2023، دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بڕیاری دا بە دیاریکردنی 25ی شوباتی 2024 وەکو رۆژی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.
دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ پێنجشەممە، 03-08-2023، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانی دا رایگەیاند، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رۆژی 25-02-2024ی وەکو رۆژی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریکرد، ئەوەش دوای راوێژ و گفتوگۆ لەگەڵ سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ