پاتریارکی کەنیسەی رۆژهەڵاتی ئاشووری: هەرێمی کوردستان هیوایە بۆ هەموو عێراق

06-08-2023
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

پاتریارکی کەنیسەی رۆژهەڵاتی ئاشووری لە هەولێر سوپاسی "دیدگای فراوانی" سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکات کە هاوکار بووە لە کردنەوەی کەنیسەکە و دەڵێت، "بە چاوێکی برایانە نەک تەنها هەرێمی کوردستان دەبینێت، بەڵکو ئەو پێکهاتانەش کە بە ژمارە کەمن، بەڵام گرنگن و مێژووی دێرینیان هەیە وەکو نەتەوەی ئاشووری" دەبینێت و هەمیشە پشتوانیان بووە.
 
رۆژی شەممە، 05-08-2023، بە ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کەنیسەی کاتێدراڵی نوێی پاتریارکی رۆژهەڵاتی ئاشووری لە هەولێر کرایەوە. لە رێوڕەسمی کردنەوەی کەنیسەکەدا، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و قەداسەتی مار ئاوای سێیەم، پاتریارکی کەنیسەکە گوتاریان پێشكێش کرد. 
 
مار ئاوای سێیەم، پاتریارکی کەنیسەی رۆژهەڵاتی ئاشووری سوپاسی سەرۆک بارزانی و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانی کرد کە بەردەوام پشتیوانیان بوون لە کردنەوەی کەنیسەکە و رایگەیاند، "لەم هەرێمەدا کە ئێمە تێیدا دەژین، دەبێت هەموومان پێکەوە کار بکەین بۆئەوەی ئەم نیشتمانە ببێتە ماڵی هاوبەش و، ئامانجی بەرزیشمان سەرکەوتنی هەمیشەیی ئەم هەرێمە بێت."
 
لە بەشێکی دیکەی قسەکانی دا، مار ئاوای سێیەم تیشکی خستە سەر دۆخی عێراق و گوتی، هەرچەندە عێراق بە چەندین قۆناخی سەختدا تێپەڕیوە، بەڵام هێشتا نیشانەکانی هیوا و ئاییندەیەکی گەش دیارە و هەرێمی کوردستان یەکێکە لە دیارترین نیشانەکان کە هیوا بۆ هەموو وڵات و گەلەکەی دەبەخشێت.
 
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە رێوڕەسمی کردنەوەی کاتێدراڵی پاتریارکی نوێی رۆژهەڵاتی ئاشوورییەکان لە گوتارێکدا رایگەیاند "فرەپێکهاتەیی و فرەئایینی، هەرێمی کوردستانی بەهێز کردووە و هەرێمی کوردستان بە فرەیی پێکهاتە و ئایینەکانییەوە جوانە."
 
پاتريارك مار ده‌نخاى چواره‌م، سه‌رۆكى پێشووترى كه‌نيسه‌ى رۆژهەڵاتي ئاشووری بڕيارىدا كورسيى كه‌نيسه‌كه‌ له‌ ئه‌مريكاوه‌ بگوازرێته‌وه‌ بۆ هه‌ولێر به‌رله‌وه‌ كۆچى دوايى بکات. نێچیرڤان بارزانی لە گوتارەکەیدا لەبارەوە گوتی "يادى به‌خێر و هيوادارين كردنه‌وه‌ى ئه‌م كاتێدراڵه‌ گيانى شاد بكات. ئه‌و بڕياره‌ بڕیارێکی زۆر ئازایانە بوو. پشتگیرییەکی گەورە بوو لە کوردستان، هەروەها متمانە و باوەڕی بۆ مه‌سيحييه‌كان دروستکرد کە لێره‌ له‌ وڵاتى خۆيان بمێننه‌وه و بڕوايان پێى هه‌بێت و کۆچ نەکەن."
 
لە بەشێکی دیکەی گوتارەکەیدا، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "دڵنیام ئه‌م کۆمەڵگه‌ جوانە دەبێتە ناوەندێکی دیکەی بەهێزکردنی باوەڕ و هەستی پێکەوەژیان لە هه‌رێمى کوردستان و له‌ عێراق، دەبێتە هاندەرێکی دیکە بۆ مانەوە و بەجێنەهێشتنی وڵات. کوردستان بە فرەنەتەوە، فرەئایین و فرەپێکهاتەکەییەوە جوانە. مه‌سيحييه‌كان بەشێکی سەرەکین لە جوانيی پێکەوەژیانى کوردستان."
 
لە گوتارەکەیدا، پاتریارکی کەنیسەی رۆژهەڵاتی ئاشووری جەختی لە پێکەوەژیان لە هەرێمی کوردستان کردەوە و رایگەیاند، حکومەت جەخت لەوە دەکاتەوە کە هەموو نەتەوەکان "وەکو برا"، بێ جیاوازیی نەتەوەیی و ئایینی پێکەوە بژین "تاوەکو بتوانین هەموومان پێکەوە ئەو ماڵە کە هی هەموومانە، بنیات بنێینەوە."
 
دەقی گوتاری مار ئاوای سێیەم، پاتریارکی کەنیسەی رۆژهەڵاتی ئاشووری:
 
بەخێرهاتنێکی گەرمتان دەکەین لە رێوڕەسمی کردنەوەی کەنیسەی پاتریارکی مزگێنیدەرانی رۆژ‌هەڵات ( ماڕ تۆما، ماڕ ئەدای و ماڕ ماری ) لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستانی عێراق. سوپاس بۆ رێزگرتنتان لە کەنیسەی رۆژهەڵاتی ئاشوور و نەتەوەی ئاشووری بە گشتی کە لەم ئێوارەیە لەگەڵمانن.
 
لەم رۆژە پیرۆزەدا دووبارە بەردێکی دیکە لە مێژووی پڕ شکۆی کەنیسەی رۆژهەڵاتی ئاشووری، کەنیسەی شەهیدان لە هەرێمی کوردستان دادەنرێت. ئەم کەنیسە پیرۆزە، بناغەدانەر و دایکی مەسیحییەتە لە هەموو بێت نەهرێن ( میسۆپۆتامیا ) و رۆژهەڵات، ماڵی دێرین و مێژوویی باوباپیرانمانە کە لە رێگەی ئەم سێ نێرداوە پیرۆزەوە پەیامی ئینجیلی پیرۆز گەیشتە وڵاتانی رۆژهەڵاتی نزیک.
 
پێش کۆتایی سەدەی یەکەمی زاینی، ئەم سێ نێرداوە پیرۆزە لە گشت شارە گەورە و بەناوبانگەکانی بێت نەهرێن کەنسیەیان دامەزراند و، دوای سێ ساڵ لە هەڵکشانی مەسیح بۆ ئاسمان، مزگێنیدەران لە ئورشەلیمەوە دەستیانپێکرد و لەوێ چوون بۆ شاری پیرۆزی ئورهای (ئورفەی ئێستا) کە ئەوکات پاشا (ئەوگەر ئوکاما) پاشای مەملەکەتەکە بوو، پاشان بۆ سالیق و قتیسفۆن، پایتەختەکانی شانشینی فارس کە لەوێدا کورسیی پاتریارکی کەنیسەی رۆهەڵاتی ئاشوورییان دامەزراند. مێژوو وانیشان دەدات کە لە ساڵی 81ی زایینی، نێردراو مار ماری و قوتابییەکەی ئەدای، دوای دامەزراندنی 365 کەنیسە و دێر لە مەملەکەتی فارس، کۆچی دواییکرد، ئەم نێرداوە ( واتە ماڕ ماری ) بە یەکەمین پاتریارک لە مێژووی کەنیسەی رۆژهەڵاتی ئاشووری ئەژمار دەکرێت و هەر لەوێدا بەخاک سپێردراوە.
 
هەر لەبەر ئەوەیە کە ئەم کەنیسە پاتریارکییە گەورەیەی ئێستا بەم سێ ناوە پیرۆزەوە ناونرا، بۆ ئەوەی هەمیشە ئێمەی رۆڵەی کەنیسەی رۆژهەڵاتی ئاشووری، ئەم دامەزراندنە ئەپۆستۆڵیکییە ( قاتە پەیامهێنەرەی ) کەنیسەی پیرۆزمان، لە ساڵە یەکەمەکانی بڵاوبوونەوەی بیروباوەڕی مەسیحییەوە لەیاد بکەین.
 
هەرچەندە کورسیی پاتریارک سەرەتا لە سالیق و قتیسفۆن بۆماوەی حەوت سەدە مایەوە، بەڵام لە قۆناخە جیا جیاکان، گوازراوەتەوە بۆ زۆر شوێنی جیاوز لە بێت نەهرێن، وەکو: بەغدا، هەولێر، مەڕاغا، کەرملێش، ئەلقۆش و قوچانووس و ئەمڕۆش بە پشتیوانیی خودا لە ساڵی 2015ـەوە دووبارە هاتەوە هەولێری پاتەخت. ئێمە وەک کەنیسەی رۆژهەڵاتی ئاشووری، زۆر سوپاسی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین بۆ پشتیوانیکردنی کۆمەڵگەی سونهادوسی کەنیسەکەمان کە توانیمان کورسیی پاتریارک بگوازینەوە بۆ هەولێر و، بە تایبەتی کە بارەگای پاتریارک لە ئەیلوولی ساڵی رابردوو بە ئامادەبوونی فەخامەتی سەرۆک مەسعود بارزانی کرایەوە و، لەسەر بنەمای ئەو پەیوەندییە مێژووییە بنیات نرا کە لەنێوان پاتریارکەکانی بنەماڵەی مار شەمعون و شێخ عەبدولسەلام بارزانی، پێش جەنگی جیهانیی یەکەم هەبووە کە تائێستاش پەیوەندیی دۆستایەتی و رێزگرتن لە نەتەوەی ئاشووری دەبینین و هەر وا بەردەوامە.
 
ئەمڕۆ بەشێکی دیکەی پڕۆژەکە کە کەنیسەی کاتدراڵییەی نوێی پاتریارکی مزگێنیدەرانی رۆژهەڵات لە شاری هەولێر بە شتیوانیی سەرۆکی هەرێمی کوردستان رێزدار نێچیرڤان ئیدریس بارزانی کرایەوە، لەو سۆنگەیەوە بە ناوی خۆم و گشت رۆڵەکانی کەنیسەی رۆژهەڵاتی ئاشووری زۆر سوپاسی جەنابیان دەکەین، سوپاسیان دەکەین بۆ دیدگا فراوانەکەیان کە بە چاوێکی برایانە نەک تەنها هەرێمی کوردستان دەبینێ، بەڵکو ئەو پێکهاتانەش کە بە ژمارە کەمن، بەڵام گرنگن و مێژووی دێرینیان هەیە وەکو نەتەوەی ئاشووری. نزا دەکەین جەنابتان تەمەن درێژ و تەندروست و هەر ساخ بن، بۆئەوەی زیاتر بتوانن پەیوەندیی نێوان نەتەوە و ئایینەکان لە هەرێمی کوردستان پتەوتر بکەن.
 
لەم هەرێمەدا کە ئێمە تێیدا دەژین، دەبێت هەموومان پێکەوە کار بکەین بۆئەوەی ئەم نیشتمانە ببێتە ماڵی هاوبەش و، ئامانجی بەرزیشمان سەرکەوتنی هەمیشەیی ئەم هەرێمە بێت.
 
ئەمڕۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان، جەخت لەوە دەکاتەوە لەسەر گرنگیی پێکەوەژیان لەنێوان هەموو نەتەوەکان وەکو برا، بێ جیاوازیی نەتەوەیی و ئایینی، تا بتوانین هەموومان پێکەوە ئەو ماڵە کە هی هەموومانە، بنیات بنێینەوە. بەتایبەتی پشتوانیی جەنابتان بۆ گشت پێکهاتەکان و ماف و ئازادییەکانیان، ئەمەش روونتر و بەرجەستەتر دەبێتەوە لە پشتیوانیی جەنابیان بۆ بنیاتنانی ئەم شوێنە پیرۆزانە، کە تیایاندا ناوی پەروەردگار ستایش دەکرێت و، بۆئەوەی وشەی چاک و برایەتی لێ دەربچێت و، بێ جیاوازی بۆ هەموو مرۆڤێک یارمەتیدەر بێت.
 
هەرچەندە عێراق بە چەندین قۆناخی سەختدا تێپەڕیوە، بەڵام هێشتا نیشانەکانی هیوا و ئاییندەیەکی گەش دیارە و هەرێمی کوردستان یەکێکە لە دیارترین نیشانەکان کە هیوا بۆ هەموو وڵات و گەلەکەی دەبەخشێت.
 
لە سەرجەم وڵاتان، یاخود هەرێمەکان، هیچ شتێک لەسەر گۆی زەوی بێ هەڵە و کەموکورتی نییە و، کاریش بۆ پڕکردنەوەیان دەکرێت، بەڵام گرنگە بۆ مرۆڤ بە هیوا و هەموو توانای خۆیەوە کار بکات بۆ پڕکردنەوەی کەموکورتییەکان لە وڵاتەکەی یاخود هەرێمەکەی. دەبێت لە خۆمان بپرسین کە دەتوانین چی بکەین بۆ وڵاتەکەمان یاخود چی پێشكێش بکەین؟ تەنها بیر لەوە نەکەینەوە کە وڵاتەکەمان دەتوانێت چیمان پێ ببەخشێت.
 
بۆیە زۆر سوپاسی خوای پەروەردگار دەکەم بۆ تەواوکردنی ئەم کارە پیرۆزە، کە هیوام وایە ئەم کەنیسەیە ببێتە شوێنێکی پیرۆز نەک تەنها بۆ ئاشووری و مەسیحییەکان لە هەرێمی کوردستان یاخود عێراق، بەڵکو بۆ هەموو رۆڵەی نەتەوەی ئاشووریمان، ئەوانەیش لە هاندەراندا دەژین کە لەم رۆژانەدا نزیکەی 300 کەس لە گەنجانی کەنیسەکەمان کە لە وڵاتانی جیاجیاوە هاتوون، لەگەڵمانن و، هاوشان لەگەڵ سەدان باوەڕدارانی کەنیسەکەمان بۆ رێوڕەسمی کردنەوەی پەیوەندیکردنیان بە خاکی باو و باپیرانیان نیشان بدەم، ئەمەش زۆر گرنگە کە ئەم پەیوەندییە زیاتر پتەوتر بکرێت بۆئەوەی ئەوانیش لەنێو هەلومەرج و بارودۆخی وڵاتانی رۆژئاوا مێژوو و ناسنانەی خۆیان لەدەست نەدەن.

 

 
لە کۆتاییدا: جارێکی دیکە، سوپاسی بێ پایانم بۆ سەرجەم براکانم لە ئەندامانی کۆمەڵگەی سونهادوسی کەنیسەکەمان و، سەرۆک و نوێنەرانی کەنیسە براکانمان و نوێنەرانی یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی، نوێنەرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، نوێنەرانی وڵاتانی دەرەوە کە لە هەرێمی کوردستان بوونیان هەیە، لەگەڵ ئێوەی زێدە ئازیز بێ جیاوازی بۆ ئامادەبوون و بەشداریتان لەم بۆنە پڕ شکۆیەی کەنیسە و نەتەوەی ئاشوور بە تایبەتی رێزدار سەرۆکی هەرێمی کوردستان. خوای پەروەردگار بتانپارێزێت و هەمیشە لەخۆشیدا بن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە