مەسرور بارزانی: دژی گۆڕینی دیموگرافی بەزۆر دەوەستینەوە

06-08-2023
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، کریستییانەکان لەلایەن هەندێ لایەنی "نابەرپرسەوە" رووبەڕووی پاکتاوی ئایینی دەبنەوە و رایدەگەیێنێت، دژی گۆڕینی "دیموگرافی بەزۆر" دەوەستنەوە. 
 
رۆژی یەکشەممە، 6ـی ئابی 2023، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە کاردیناڵ لویس ساکۆ،  پاتریارك و سەرۆكی كەنیسەی كلدانی کرد و دواتر لە پۆستێکدا لە تۆڕی ئێکس (تویتەری پێشوو) رایگەیاند، "پاڵپشتی لە کریستیانەکان ده‌كه‌ین کە بە ناهەق لەلایەن هەندێک لایەنی نابەرپرسەوە رووبەڕووی پاکتاوی ئایینی دەبنەوە و داکۆکی لە مافی هەموو نەتەوە و ئایینەکان دەکەین و دژی گۆڕینی دیمۆگرافی بەزۆر دەوەستینەوە."
 
رۆژی 21ـی تەممووزی 2023، لویس ساکۆ لە رێگەی فڕۆکەخانەوە گەیشتە هەولێر و لەلایەن بەرپرسانی هەرێمی کوردستانەوە پێشوازی لێکرا.
 
ئەوەش دوای ئەوە هات کە رۆژی 3-7-2023، مەرسوومی ژمارە (31)ی سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق لە ژمارەی (4727)ـی رۆژنامەی وەقائیعی عێراق بڵاوکرایەوە و تێیدا بڕیاری کشانەوەی مەرسوومی ژمارە (147)ـی ساڵی 2013ی راگەیاند و تێیدا پلەی پاتریارکی کەنیسەی کلدانی لە عێراق و جیهان لە کاردیناڵ لویس رافایل ساکۆ سەندرایەوە.
 
رۆژی 13-07-2023 نووسینگەی سەرۆککۆماری عێراق روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "بەشێک لە میدیاکان هەواڵێکیان بڵاوکردووەتەوە لەبارەی هەڵوەشاندنەوەی مەرسوومی کۆماریی ژمارە (147)ی ساڵی 2013 بۆ کەسایەتییەکی ئایینی دیاریکراو. لێرەدا ئاماژە بەوە دەکەین کە پێشتر دوو مەرسوومی کۆماری بۆ دوو کەسایەتی ئایینی دەرکراون، ئەوانیش هەروەها نوێ نەکرانەوە، چونکە هیچ بنەمایەکی دەستوورییان نەبووە، وەک چۆن هیچ مەرسوومێکی کۆماری نییە بۆ دامەزراندنی، چونکە مەرسوومی کۆماری تەنیا بۆ فەرمانبەران لە دامەزراوە و سەرۆکایەتی و وەزارەتەکان و ئۆرگانە حکومییەکان دەردەچێت."
 
کەنیسەی کلدانی بە یەکێک لە گەورەترین کەنیسەکانی عێراق دادەنرێت، بە گوێرەی خەمڵاندنەکان، ژمارەی کرستیانەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان ئێستا 400 هەزار کەس تێناپەڕێنێت، لە کاتێکدا لەدوو دەیە لەمەوبەر ژمارەیان ملیۆنێک و 500 هەزار کەس بوو، بەڵام بەهۆی گرژی و ململانێکانەوە، کۆچیان کرد.
 
 

 

 

 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی کەنەکە

کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان: دەبێت زمانی کوردی لە دەستووری سووریادا جێگیر بکرێت

لیژنەی زمان، کولتوور و پەروەردەی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (KNK) بە بۆنەی رۆژی جیهانیی زمانی دایک کە هاوکاتە لەگەڵ 21ـی شوبات، راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا دەڵێ، پاراستنی زمانی کوردی بە هەموو زاراوەکانییەوە تەنیا پرسێکی ئەکادیمی نییە، بەڵکو پرسێکی نیشتمانی و مان و نەمانە