رووداو دیجیتاڵ
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووری دەڵێت، بەیانیی ئەمڕۆ شاندێکی تەکنیکیی وەزارەتەکەیان بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی مووچە، گەیشتووەتە بەغدا.
رۆژی چوارشەممە، 06ـی ئابی 2025، بەرپرسێک لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "شاندێکی تەکنیکیی وەزارەتی دارایی گەیشتووەتە بەغدا، کە لە کۆبوونەوەی دوێنێی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقدا داوا کرابوو ئەو شاندە بچێت."
دوێنێ ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کۆبووەوە. دوای کۆبوونەوەکە، هەڵکەوت عەزیز، پەیامنێری رووداو لە بەغدا گوتی، کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کە بەشێکی تایبەت بوو بە پرسی نەوت و مووچەی هەرێمی کوردستان.
ئەو بەرپرسەی وەزارەتی دارایی دەڵێت: "سەردانەکەی ئەمڕۆی وەزارەتی دارایی تایبەتە بە دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکان لەبارەی مووچەی فەرمانبەران و کارەکانی لێژنە هاوبەشەکان و دەستپێکردنەوەیان."
"عێراق رازیی بووە بە وەرگرتنی نەوتی هەرێمی کوردستان"
بەگوێرەی پەیامنێری رووداو، لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقدا، وەزیری نەوت بەپێی راپۆرتی لیژنەکان لەسەر کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان گوتوویەتی: "هەرێمی کوردستان توانای بەرهەمهێنانی 130 هەزار بەرمیل نەوتی هەیە و 50 هەزاری بۆ هەرێمی کوردستان دەبێت و بەغدا 80 هەزاری وەردەگرێت."
بەگوێرەی راپۆرتی لیژنەکە: "بەهۆی هێرشە درۆنییەکان، کێڵگە نەوتییەکان زیانێکی زۆریان پێگەیشتووە و بەشێک لە کۆمپانیاکانیش ترساون و کار ناکەن، ئەمەش بووەتە هۆی کەمبوونەوەی بەرهەمهێنان."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ