رووداو دیجیتاڵ
بانکەکانی عێراق و ئەوانەش کە لەلایەن بانکی ناوەندییەوە تۆمارکراون و لە هەرێمی کوردستان کاردەکەن، دەستیان کردووە بە پێدانی قەرزی کارەبای وزەی خۆر. ئەمەش لە چوارچێوەی هەوڵەکانی بانکی ناوەندیی عێراق بۆ هاندانی هاووڵاتییان بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا لەڕێگەی وزەی خۆرەوە، کە بڕی یەک تریلیۆن دیناری بۆ تەرخانکردووە.
بەرپرسێکی ئاڕتی بانک بە رووداو راگەیاند "هاونیشتمانییان دەتوانن لە قەرزەکە سوودمەند بن". ئاماژە بەوەش دەکات "قەرزی هاووڵاتییان لە 7 تاوەکو 30 ملیۆن دینارە، خاوەن پڕۆژە بازرگانی و پیشەسازییەکانیش لە قەرزەکە سوودمەند دەبن و بڕی پارەکەیان زیاترە".
هاوڕێ رەشید، جێگری بەڕێوەبەری بەشی کۆمپانیاکان لە ئاڕتی بانک، لەکاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی (رۆژی هیوا جەمال) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "هاووڵاتییان دەتوانن لە ئاڕتی بانک، داواکارییەکانیان پێشکێش بکەن بۆ وەرگرتنی قەرزی درێژخایەن بۆ ماوەی حەوت ساڵ. بە قیستی درێژخایەن قەرزەکە دەدرێتەوە، بەڵام شەش مانگی یەکەم هاووڵاتی قەرزەکە ناداتەوە."
جێگری بەڕێوەبەری بەشی کۆمپانیاکان لە ئاڕتی بانک روونیشیکردەوە، کە بڕ و جۆری قەرزەکە بە خواستی هاونیشتمانیان دەبێت و گوتی: "هاووڵاتی جۆری قەرزەکە هەڵدەبژێرێت، پێدانی قەرزەکە بە گوێرەی بژاردەی هاووڵاتییە، ئاخۆ چەند پانێلی سۆلار دەکڕێت، پاتری دەکڕێت یان نا، سیستمەکەی چەندی تێدەچێت و خەرجییەکەی چەندە."
سەبارەت بە میکانیزمی جێبەجێکردنی پڕۆژەکە، هاوڕێ رەشید ئاماژەی بەوەکرد کە بانکی ناوەندی لیستی کۆمپانیا باوەڕپێکراوەکانی دیاریکردووە و گوتی: "بانکی ناوەندی 63 کۆمپانیای دیاریکردووە، کە هاوبەشی بانکی ناوەندین، بانکی ناوەندی کۆمپانیاکان دەنێرێت، بۆ ئەوەی هەڵسەنگاندن بۆ داواکاریی و پێویستیی داواکار بکەن بە خۆڕایی."
هاوڕێ رەشید جەختی لەوەشکردەوە، کە پارەکە راستەوخۆ نادرێتە دەستی هاونیشتمانیان، بۆ دڵنیابوون لە جێبەجێکردنی پڕۆژەکە و گوتی: "دوای تەواوکردنی دانانی سیستمەکە، خەرجیی ئەو سیستەمە دیاری دەکرێت، تاوەکو سیستمەکە دادەنرێت و هاووڵاتی رەزامەند دەبێت، ئینجا بانک پارە دەدات، واتە بانک پارەکە بە کاش ناداتە هاووڵاتی و کۆمپانیا."
لەبارەی ئەو مەرجانەی بۆ وەرگرتنی قەرزەکە دانراون، هاوڕێ رەشید گوتی: "وەرگرتنی قەرز، دەبێت کەفیلی حکومی هەبێت، هەروەها جۆری دیکەی گەرەنتی هەیە وەک بوونی خانوو یان موڵک." بەڵام ئاسانکارییەکی بۆ بەشێک لە هاونیشتمانیان خستەڕوو و گوتی: "ئەو کەسانەی 'هەژماری من'یان هەیە، پێویستیان بە کەفیل و کردنەوەی هەژماری بانکی نییە."
سەبارەت بە بڕی قەرز و شێوازی دانەوەی، هاوڕێ رەشید گوتی: "قەرزەکە لەنێوان 7 ملیۆن تاوەکو 30 ملیۆن دینارە بۆ هاووڵاتی، لە بەرامبەردا عمولەی ئیداری هەیە بە رێژەی 3٪ بۆ هەر ساڵێک بەرامبەر قەرزەکە، بڕی قەرزەکە بەسەر 7 ساڵ دابەش دەکرێت، بۆ ئەوانەی 7 ملیۆن دیناریان وەرگرتووە، رەنگە کەمتر لە 100 هەزار دیناری مانگانەیان بەربکەوێت."
ئەو قەرزە تەنیا هاونیشتمانیان ناگرێتەوە، بەڵکو خاوەن پڕۆژە پیشەسازی و کشتوکاڵییەکانیش دەتوانن سوودمەند بن. هاوڕێ رەشید لەوبارەوە روونیکردەوە: "جگە لە هاونیشتمانییان، خاوەن پڕۆژە پیشەسازی و کشتوکاڵییەکانیش دەتوانن بۆ پڕۆژەکانیان قەرزەکە وەربگرن، قەرزی ئەوان لە 30 ملیۆن تاوەکو یەک ملیار دینار دەستپێدەکات، چونکە بڕی پارەکە زیاترە، مەرجەکانی زیاترە لە هی هاووڵاتییان."
لەبارەی کۆی گشتیی بودجەی تەرخانکراو و رێگەپێدانی کۆمپانیاکانیشەوە، جێگری بەڕێوەبەری بەشی کۆمپانیاکان لە ئاڕتی بانک گوتی: "حکومەتی عێراق یەک تریلیۆن دیناری بۆ قەرزی کارەبای وزەی خۆر داناوە لە هەموو عێراق، دابەش نەکراوە بەسەر پارێزگەکان."
ژمارەی کۆمپانیاکانی دانانی سیستمی کارەبای وزەی خۆر لە هەرێمی کوردستان لە زیادبووندایە، بەڵام هەموویان هاوبەش نین لەگەڵ بانکی ناوەندی، ئەو بەرپرسەی ئاڕتی بانک روونیدەکاتەوە "دوای جێبەجێکردنی مەرج و ستانداردە دیاریکراوەکان، هەر کۆمپانیایەک لەو بوارە کار بکات، دەتوانێت خۆی لە بانکی ناوەندی تۆمار بکات و ببێتە هاوبەش".
لە کاتێکدا جیهان بەخێرایی بەرەو وزەی نوێبووەوە هەنگاو دەنێت و وڵاتان بۆ رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا و کەمکردنەوەی پشتبەستن بە سووتەمەنی، سیاسەتەکانیان دادەڕێژنەوە، عێراق وەک یەکێک لە گەورەترین وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوت، هێشتا بەدەست قەیرانێکی درێژخایەنی کارەباوە دەناڵێنێت و هاووڵاتییانی زیاتر پشت بە مۆلیدەی ئەهلی دەبەستن بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا. کە کاریگەریی نەرێنی لەسەر ئابووریی خێزان و تەندروستیی گشتی و پیسکردنی ژینگە هەبووە.
لەبەرامبەردا، ژینگە و جوگرافیای عێراق لەبارە بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا لە رێگەی وزەی خۆرەوە. بەهۆی بوونی رۆژانی زۆری خۆرەتاو لە زۆربەی وەرزەکانی ساڵدا، عێراق بە یەکێک لە گونجاوترین ناوچەکانی جیهان بۆ وەبەرهێنان لە وزەی خۆر دادەنرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ