لە هەولێر کۆمپانیایەک 10 کارمەندی دەرکردووە و مووچەی پێنەداون

06-08-2025
سۆلین حەمەدەمین
سۆلین حەمەدەمین
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دوو کارمەندی کۆمپانیایەک دەڵێن، سێ مانگە داوای شایستە داراییەکانیان دەکەن، بەڵام پێیان نادرێت و وەڵامیان نادرێتەوە. بەڕێوەبەری بەشی پۆلیسی شارەوانیی هەولێریش دەڵێت، "بەدواداچوون بۆ بابەتەکە دەکەن و ئەو هاووڵاتییانە دڵنیا دەکەنەوە کە مافیان نافەوتێت." کۆمپانیاکەش دەڵێت، کەسیان دەرنەکردووە.
 
رۆژی چوارشەممە 6ی ئابی 2025 زاهیر نووری، یەکێک لە کارمەندە دەرکراوەکانی کۆمپانیای هاوس وۆتەر، کە دەڵێت شایستە داراییەکانی پێنەدراوە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "نزیکەی دوو مانگە لەم کۆمپانیایە کار دەکەم، خەڵکی قەڵادزێم و بۆ کارکردن هاتوومەتە هەولێر، بەڵام هیچ شایستەیەکی داراییم وەرنەگرتووە و هەررۆژەو بیانوویەک دەدۆزنەوە."
 
ئەو کۆمپانیایە ناوی "House Water"ە و نووسینگەکەی لە هەولێرە، کۆمپانیاکە فلتەری ئاو بە هاووڵاتییان دەفرۆشێت و بۆشیان دەبەستێت.
 
بە گوتەی زاهیر نووری، 10 کارمەند شایستە داراییەکانیان پێنەدراوە و کاتێک داوایان کردووە، پێیان گوتوون، "دەتوانن بڕۆن و کار نەکەن، چونکە مایەپووچبووین و ناتوانین پارەکەتان بدەین."
 
زاهیر گوتیشی، "ئەو کۆمپانیایە هاووڵاتییانی هەڵخەڵەتاندووە، فلتەرەکانی بە 40 دۆلار کڕیوە، کەچی بە 300 بۆ 400 دۆلار و بەناوی ئۆرجیناڵ بە هاووڵاتییانی فرۆشتووە."
 
هاوکات ئەیوب رەزا، کارمەندێکی دیکەی دەرکراوی کۆمپانیاکە بە رووداوی گوت، "ئەمڕۆ سکاڵا لەسەر کۆمپانیاکە تۆمار دەکەین، زیاتر لە سێ مانگە داوای شایستە داراییەکانمان دەکەین، ئەمڕۆ و سبەینێمان پێدەکەن و پێمان نادەن، لە کاتێکدا پارەی نزیکەی 10 کارمەندیان لایە."
 
بۆتان عەلی مەحموود، بەڕێوەبەری بەشی پۆلیسی شارەوانیی هەولێر بە رووداوی گوت، "ئێستا و لە رێگەی لیژنەکانمانەوە بەدواداچوون بۆ بابەتەکە دەکەین، هاووڵاتییان دڵنیا دەکەینەوە کە مافیان نافەوتێت."
 
کاوە کەمال، خاوەنی کۆمپانیای هاوس وۆتەر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "هیچ کارمەندێک دەرنەکراوە، بەڵکو بە رەزامەندیی خۆیان دەستیان لە کار کێشاوەتەوە، هەموو بەڵگەیەکی سەلاماندنیشم هەیە کە چەند جارێکیش داوام لێکردوون بێنەوە کار بکەن، دەڵێن 'کاری نوێیان دەستەکەوتووە'."
 
دەشڵێت، "کۆمپانیاکەم مایەپووچ نەبووە، بەڵکو کاری تێدا دەکرێت و چەندین کارمەندیشم هەیە، چەند کارمەندێک لە تێستی کار دەرنەچوون، کاک ئەیوبیش کە ئەمڕۆ قسەی بۆ ئێوە کردووە، ئەستۆپاکی نەکردوو و کەلوپەلی کۆمپانیای نەهێناوەتەوە، بۆیە لە شوێنێک 100 دۆلار و لە شونێک 50 هەزار دیناری لامان ماوە، چەند جارێکیش پەیوەندیم پێوە کردوون، بەڵام بلۆکیان کردووین".

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی

جێگری پارێزگاری سلێمانی: هاوئاهەنگییەکەی تۆڕی میدیایی رووداو کارەکانی باشتر کرد

جێگری پارێزگاری سلێمانی ستایشی رۆڵی تۆڕی میدیایی رووداو دەکات لە بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی سنووری چەمچەماڵ و دەڵێ، ئەو هاوئاهەنگییەی رووداو دروستی کرد، کارەکانی گەورەتر و باشتر کرد؛ ئاماژە بەوەش دەکات، قەرەبووەکە ماڵ، کاسبکار، ئۆتۆمبێل و فەرمانگە حکومییەکانیش دەگرێتەوە.