رووداو دیجیتاڵ
شۆفێرێکی خەڵکی دهۆک کە پێنج ساڵە کاری گواستنەوەی خەڵک دەکات بۆ باکووری کوردستان و تورکیا، پێشتر مانگانە هەشت جار دەچووە باکووری کوردستان و تورکیا، بەڵام دوای ئەوەی بیمە (سیگورتە) رادەستی کۆمپانیایەکی خۆماڵی کرا، لە مانگێکدا تەنیا دووجار دەتوانێت لە سنووری ئیبراهیم خەلیل بپەڕێتەوە. دەشڵێت، نرخی بیمە گران بووە.
بژار سەگڤان، شۆفێرێکی خەڵکی دهۆکە و بە رووداوی گوت، "ئەم سیگورتەی ئێستا بارگرانییە بۆ ئێمە، خەرجییەکی زیاتری خستووەتە سەر شانمان، بۆ نموونە لە شوێنی ئەوەی ساڵی 100 تاوەکو 200 هەزار خەرج بکەین بۆ سیگورتە، ئێستا 100 هەزار دیناری دیکەیشی هاتووەتەسەر."
نرخی بیمە لە یەکی ئەم مانگەوە گرانبووە، نرخەکەی بۆ مانگێک لە 25 هەزار دینارەوە بووەتە 45 هەزار دینار، بۆ سێ مانگیش بووەتە 100 هەزار دینار، بۆ ساڵێکیش لە 185 هەزار دینارەوە بووەتە 300 هەزار دینار.
بێکەس کۆچەر، خاوەن نووسینگەی گەشتوگوزار دەڵێت، "ستەمێکی گەورە لە ئێمە و هەموو ئۆفیسەکانی دیکە دەکرێت، ئەو کەسانەی بۆخۆیان لەم رێگە کاریان دەکرد، کۆمپانیا ئەو رزقەی لە ئێمە سەند، ئێستا ناچارین سیگورتە لەو کۆمپانیایەوە دروستبکەین."
پێشتر نووسینگەکانی گەشتیاری و بەشێک لە نووسینگەکانی تایبەتمەند لە بازاڕەکان بیمەیان دروستدەکرد، بەڵام ئێستا تەنیا یەک کۆمپانیا مافی هەیە بیمە بداتە شۆفێران، بەوەش 23 نووسینگە لە تێرمیناڵی دهۆک بێ کار مانەوە و دەبێت نووسینگەکانیان دابخەن.
عیزەت پێدەری، بەڕێوەبەری گومرگی دهۆک گوتی، "هەر کێشەیەک بۆ ئەو ئۆتۆمبێلە دروستبێت کە کۆمپانیا سیگورتەی پێداون، دەبێت کێشەکەیان بۆ چارەسەر بکات، لە کاتی پەککەوتنی ئۆتۆمبێل یان هەر رووداوێکی دیکە کە رووبدات، جا چ بە پەیداکردنی ئۆتۆمبێلێکی دیکە بێت یان بەهەر رێگەیەک بێت."
ئامانج لەو هەنگاوە ئەوەیە کە دەستبەری شۆفێران لە باکووری کوردستان و تورکیا بکەوێتە سەر شانی کۆمپانیا و لە هەر رووداوێکدا ئەوان بەرپرسیارێتییەکەی هەڵبگرن.
بەگوێرەی ئامارە نافەرمییەکان، رۆژانە نزیکەی هەزار ئۆتۆمبێل و نزیکەی سێ هەزار کەس بۆ بازرگانی و گەشتکردن لە رێگەی دەروازەی ئیبراهیم خەلیلەوە دەچنە تورکیا و باکووری کوردستان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ